دۆڕانە گەورەکەی پارێزگارانی بەریتانیا لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی چ ئاماژەیەکی بۆ دەنگدانی گشتی هەیە؟

06-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ملیۆنان کەس رۆژی پێنجشەممە لە ئینگلاند لە هەڵبژاردنێکی خۆجێییدا دەنگیان دا، هەڵبژاردنێک کە بە تاقیکردنەوەیەک بۆ پارتە سیاسییەکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دادەنرێت بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی گشتی سەنگی خۆیان بزانن. 
 
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە دوای 14 ساڵ، جارێکی دیکە پارتی کار بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و لە هەڵبژاردنی گشتی کە لە چەند مانگی داهاتوو دەکرێت، شکست بە پارێزگاران بهێنێت، بەو پێیەی کە لە دەنگدانە خۆجێیەکەدا، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا.
 
لە هەڵبژاردنەکەی 2ی ئایاردا، رکابەرییەکە لەسەر نزیکەی دوو هەزار و 600 کورسیی 107 ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئینگلاند، 11 سەرۆکی شارەوانیی ئینگلاند، 25 ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن و 37 کۆمیسیاری پۆلیسی لەندەن و وەیڵز بوو.
 
پارتی کار بووە یەکەم و پارتی پارێزگارانیش چووە ریزی سێیەم. پارتی دیموکراتە لیبراڵەکانیش بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2009ـەوە، بووە دووەم. 
 
پارتی کار 50 شارەوانی و هەزار و 140 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی بەدەستهێنا، واتە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، 8 شارەوانی و 185 ئەندامی زیادکرد. 
پارتی دیموکراتە لیبراڵەکان 12 شارەوانی و 521 ئەندامی بەدەستهێنان؛ دوو شارەوانی و 104 ئەندامی زیادکردووە.
 
پارتی پارێزگارانیش 6 شارەوانی و 513 ئەندامی بەدەستهێنا، واتە 10 شارەوانی و 473 ئەندامی شارەوانییەکانی لەدەستدان. 
 
ئەم ئەنجامانە بۆ ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەواڵێکی ناخۆش بوون کە نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک رابگەیێنێت. کەمبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی دوای ئەوە هات کە زنجیرەیەک کێشەی سیاسی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان یەخەی حکومەتەکەی گرت. 
 
بەڵام بۆ کەیر ستارمەر، سەرکردەی پارتی کار، هەڵبژاردنەکە پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی راپرسییەکانی درێژایی دوو ساڵی رابردوو بوو کە دەریاندەخست، پارتی کار لەو شکستە چاکبووەتەوە کە لە 2019 دووچاری بوو و بە ئاسوودەیی لە هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت.
 
ئەمانە ئەو پێنج شتەن کە لە هەڵبژاردنەکەوە فێربووین:
 
سووناک رووبەڕووی هەڵگەڕانەوە دەبێتەوە؟
 
رێی تێدەچێت. 
 
وێڕای ئەوەی کە پارێزگاران نزیکەی نیوەی ئەو هەزار کورسییانەیان لەدەستدان کە لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکاندا هەیانبوو و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆجێی بلاکپوول ساوسیش تووشی دۆڕانێکی گەورە بوون، وا دەردەکەوێت کە جارێ سووناک رووبەڕووی هەڵگەڕانەوەی پەرلەمانتارە نیگەرانەکانی پارتەکەی نابێتەوە. 
 
هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە بەربژێری پارتی پارێزگاران بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی تیز ڤاڵی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئینگلاند توانی کورسییەکەی بەدەستهبێنێتەوە، هەڵبەتە بە جیاوازیێکی کەمی دەنگەکان. وێڕای دۆڕانەکانی دیکەیان، ئەمەیان هەندێ لە نیگەرانییەکانی پارێزگارانی رەواندنەوە. 
 
بەڵام پارێزگاران کورسیی سەرۆکشارەوانیی وێست میدڵاندزیان لەدەستدا، کە ئەوەش دەکرێت ببێتە هۆی ناڕەزایی زیاتر لە نێو ئەو پەرلەمانتارانەی کە تاوەکو دێت زیاتر خەمی ئەوەیانە لە هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوودا نەتوانن کورسییەکانیان لە پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوودا بەدەستبێننەوە. 
 
بە کورتی، ئەم هەڵبژاردنە خۆجێیە دەریخست کە سووناک نەیتوانیوە سەنگی پارتەکەی بگەڕێنێتەوە، دوای ئەو زیانەی کە بەهۆی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر بەریکەوت. جۆنسن لەکارلادرا و لیز ترەس شوێنی گرتەوە، بەڵام ئەویش وازیهێنا. 
 
هەڵبژاردنی گشتی کەی دەکرێت؟
 
رەنگە پاییزی داهاتوو بێت. 
 
لە شانشینی یەکگرتوو، رۆژی هەڵبژاردنی گشتی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دیاریدەکرێت. پێویستە پێش تەواوبوونی یەکەم مانگی ساڵی داهاتوو، بکرێت. سووناک بەردەوام گوتوویەتی وای بۆ دەچێت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024ـدا بکرێت. 
 
وەک بیردۆز، دەتوانرێت لە مانگی تەممووز هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارە پارێزگارەکان دەڵێن، باشترین کات پاییز دەبێت، چونکە لەو کاتەدا باج کەمدەکرێتەوە، هەڵاوسان زیاتر دادەبەزێت و رێژەی سوودی بانکیش کەمتر دەکرێتەوە، ئەوەش وا دەکات خەڵک لە رووی ئابوورییەوە هەست بە باشبوونێک بکەن. 
 
نەکردنی هەڵبژاردنەکە تاوەکو پاییز، سوودێکی دیکەشی بۆ حکومەتەکەی سووناک هەیە، چونکە دەرفەتی دەبێت تا ئەو کات جارێکی دیکەش باجەکان کەمبکاتەوە. پارێزگاران هەروەها دەیانەوێت کاتی خۆیان وەرگرن تا ئەو کاتەی پلانی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا دەکەوێتە سەر رێچکەی خۆی بۆ ئەوەی بە دەنگدەران بڵێن کە پلانەکە کاری خۆی کردووە و بووەتە بەربەستێک بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسایی.
 
ئایا پارتی کار حکومەت دەگرێتەدەست؟
 
وا دیارە. 
 
وەکو مێژوو، پارتی کار پێویستە بەسەر شاخێکدا سەرکەوێت ئەگەر بڕیارە حکومەتی داهاتوو پێکبێنێت. لە دوایین هەڵبژاردندا کە لە ساڵی 2019 کرا، خراپترین ئەنجامی لە دوای ساڵی 1935 تۆمارکرد. لە دوای نەمانی جێرمی کۆربنی چەپڕۆ لە سەرکردایەتیی پارتەکە، ستارمەر هەوڵیداوە بیگەڕێنتەوە چەقی پڕۆسەی سیاسیی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا. 
 
ئەگەر هەڵبژاردنەکەی رۆژی پێنجشەممە بکەینە پێوەر، ئەوا سیاسەتی ستارمەر سەرکەوتنی روونی بەدەستهێناوە. پارتی کار ژمارەیەک شارەوانی بەدەستهێنان کە دەیان ساڵ بوو خۆی لەسەر کورسییەکانی نەدیتبووەوە، هەروەها لە بلاکپوول ساوسیش سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر پارێزگاراندا تۆمارکرد کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی گشتیدا دووبارەی بکاتەوە ئەوا بە ئاسانی دەبێتە هێزی زۆرینە. 
 
ئەمجارە، پارتی کار لەو شوێنانەش هەڵبژاردنەکەی بردەوە کە ساڵی 2016 دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا دا و پێشتر نەیتوانی لەو شوێنانە بەسەر بۆریس جۆنسدا سەرکەوێت، لەوانەش لە هارتلپوول لە باکووری رۆژهەڵاتی ئینگلاند و سورۆک لە باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلاند. هەروەها ئەنجوومەنی شارەوانیی رەشمووریشی بەدەستهێنا کە پێشتر هەرگیز بەدەستینەهێنابوو. 
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا دەتوانرێت بگوترێت کە پشتگیریەکە نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو کاتەی کە لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 1997ـدا تۆنی بلێری کردە سەرۆکوەزیران. هۆکارێکی ئەوەش دەکرێت ئەوە بێت، کە پاشەکشەیەکی ئابووری گەورەتر بەراورد بەو سەردەمە هەیە، هەروەها ستارمەر وەک بلێر گەرموگوڕ نییە. 
 
ئایا جیاوازیی دەنگەکان زۆر گەورە دەبێت؟
 
زەحمەتە.
 
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکرد لە ساڵی 1997 بلێر بە جیاوازییەکی گەورەوە هەڵبژاردن بباتەوە، ئەو شتە بوو کە پێ دەگوترێت دەنگدانی تەکتیکی. واتە هەندێ لە دەنگدەران چاوپۆشییان لەوەکرد کە خۆیان سەر بە کام پارتن و بڕیاریاندا دەنگ بەو بەربژێرە بدەن کە زۆرترین دەرفەتی بردنەوەی بەرامبەر بەو پارتە هەیە کە زۆرترین دژایەتیی دەکەن. ئەو پارتەشی کە زۆرترین دژایەتیی دەکرا، پارتی پارێزگاران بوو. بۆیە ئەو دەنگدەرانە بڕیاریان دا دەنگ بە بەربژێری پارتەکانیان نەدەن و دەنگ بە بلێر بدەن. 
دەنگدانی تەکتیکی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرکەوتووەتەوە و لە هەڵبژاردنەکەی پێنجشەممەشدا دیاربوو، چونکە بەربژێرانی پارتی پارێزگاران لە بەرامبەر ئەوانی پارتەکانی دیکەدا شکستیان هێنا، لە نێویاندا لە بەرامبەر پارتەکانی دیموکراتە لیبراڵەکان و پارتی سەوز. 
 
ئەگەر پارێزگاران بەم ئاستە بەردەوام بن، ئەوا لە نێو راستڕۆکانیش یەکەمبوون لەدەستدەدەن. بڕیارە پارتی "ریفۆرم یوو کەی" لە سەرانسەری بەریتانیا بەربژێری هەبێت. لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی پێنجشەممەدا، دەنگێکی زۆر گەورەی بەدەستنەهێنا، بەڵام لەچاو پێگەی خۆی، دیاربوو کە دەنگی پارێزگارانی بۆ خۆی بردووە. 
 
ئەم پارتە کە بانگەشەی ئەوە دەکات هەڵوێستی تووندتری لەسەر پرسی کۆچبەران و برێکزت دەبێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی گشتیشدا ئەم ئاستە بەدەستبێنێتەوە، ئەوا دەبێتە یارمەتیدەر بۆ پارتی کار تاوەکو پارێزگاران ببەزێنێت. 
 
ئایا پارتی کار کێشەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە؟
 
بێگومان وا دیارە. 
 
لە هەندێ لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانیان موسڵمانن، وەک بلاکبێرن و ئۆڵدهام لە باکووری رۆژئاوای ئینگلاند، وا دەردەکەوێت کە بەربژێرانی پارتی کار بەهۆی پشتیوانیکردنی تووندی ئیسرائیل دژی غەززە، تووشی دۆڕانێکی خراپ بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."