پۆلیسی ئەڵمانیا رێوشوێن لەدژی ئەوانە دەگرێتەبەر بەدیار ئاگرەکەی فلینسبۆرگەوە وەستابوون

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت و رێوشوێن لەدژیان دەگرێتەبەر، کە بەدیار ئاگرەکەی شارۆچکەی 'فلیسنبۆرگ' وەستابوون و خەڵکیان رزگار نەدەکرد و تەنیا گرتەی رووداوەکەیان تۆماردەکرد.
 
رۆژی پێنجشەممە باڵەخانەیەک لە شارۆچکەی فلینسبۆرگ لە باکووری ئەڵمانیا گڕی گرت،  لەکاتێکدا 43 کەس لەنێو باڵەخانەکەدا بوون، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی کرد.
 
زۆربەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە کۆچبەرن، پۆلیس پەڕاوێکی لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری رووداوەکە کردووەتەوە و ئەوەشی راگەیاندووە کە "هیچ ئاماژەیەک نییە رووداوەکە کردەوەیەکی تاوانکاری یاخود دەستێکی لەپشتەوە بووبێت".
 
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هاووڵاتییەک تۆماریکردووە، دووکەڵی ئاگر زۆر بە خێرایی بەنێو باڵەخانەکەدا بڵاودەبێتەوە. پۆلیس بەدوای هەموو ئەوانەشدا دەگەڕێت کە سەرقاڵی تۆمارکردنی گرتەی رووداوەکەن و خەڵکیان رزگارنەکردووە.
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە نییە، یاخود راستەوخۆ بەکارنایەت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش درەنگ دەکەون، بەڵام هەندێ خەڵک لەو ناوە بەخێرایی دۆشەک و ئیسفەنج رادەکێشنە ژێر باڵەخانەکە بۆ ئەوەی کەسانی گیرخواردوو بتوانن خۆیان فڕێبدەنە خوارەوە.
 
بەگوتەی پۆلیسی فلینسبۆرگ، منداڵێکی 4 ساڵان و ژنێکی 70 ساڵان کە داپیری منداڵەکەیە، لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە و 9 کەس برینداربوون، کە حەوتیان هێشتا لە نەخۆشخانەن.