بەرپرسێکی پێشووی نایجیریا بەهۆی وەرگرتنی گورچیلەوە لە گەنجێک 9 ساڵ زیندانی دەکرێت

06-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نیشانەکردن کۆیلایەتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی بەریتانیا، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی نایجیریای بە 9 ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردن سزادا. ئەو بەرپرسە پێشووەی نایجیریا گەنجێکی بۆ بەریتانیا بردووە کە دۆخی دارایی باش نەبووە و لە بەرامبەردا گورچیلەیەکی بۆ کچە نەخۆشەکەی لێ سەندووە.
 
دادوەر جێرمی جۆنسن ئەو سزایەی بەسەر ئیکی ئیکوێرەمادو، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی نایجیریا سەپاند، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو هاووڵاتییەکی هەژاری لە لاگۆسی نایجیریاوە بۆ بەریتانیا بردووە تاوەکو گورچیلەی بداتە کچەکەی.
 
سیاسەتڤانە نایجیرییەکە دەوڵەمەندە و 80 هەزار پاوەندی لە نەخۆشخانەی رۆیاڵ لە لەندەن بۆ نەشتەرگەری کچەکەی خەرجکردووە.
 
ئۆبینا ئۆبێتا، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە بە 10 ساڵ زیندانیکردن و بیترایس ئیکوێرەمادو، هاوژینی ئیکیش بە 4 ساڵ زیندانیکردن سزادران.
 
هەرچەندە بەشێک لە خەڵکی هاوسۆزییان بۆ ئاکاری ئەو باوکە نایجیرییە دەربڕیوە کە بۆ چارەسەری کچەکەی ئەو کارەی کردووە، بەڵام دادگە کەیسەکەی وەها روونکردووەتەوە کە ئیکی دۆخی خراپ و نالەباری ئەو گەنجە 21 ساڵە نایجیرییەی لە وڵاتەکەی خۆی بە پێدانی پارە قۆستوەتەوە  و بردوویەتی بۆ بەریتانیا و گورچیلەی لێ سەندووە.
 
دادوەر دەڵێت، گواستنەوەی خەڵک بە سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ بەخشینی ئەندامی جەستە "جۆرێکە لە کۆیلایەتی."
 
هاوکات، باس لەوە دەکات، ئەو سیاسەتڤانە نایجیرییە ئۆتۆمبێل، خانوو و ڤێلای زۆر، خزمەتگوزاری ماڵەوە، شۆفێر و چێشتلێنەری زۆری هەیە و بەراورد بە گەنجێکی هەژار کە پارەی بلیتێکی 25 پاوەندی پێ نەبووە گەشتی بۆ ئابوجا پێ بکات زۆر جیاوازی هەیە و دەڵێت، روونە کە دۆخی گەنجەکەی بۆ سوودی خۆی قۆستووەتەوە.
 
دادگە لە دانپێدانانی پزیشک و نێوەندگیرکاری نێوان بەخشەری گورچیلەکە و ئیکیدا ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، ئۆبێتا لەگەڵ پزیشکە بەریتانییەکان قسەی راستی نەکردووە و پێی گوتوون گەنجەکە ئامۆزای سۆنیا ئیکوێرەمادو، کچی ئیکی ئیکوێرەمادووە و لەسەر رەزامەندی خۆی گورچیلەکە دەبەخشێت.
 
بە گوێرەی دادگە، دوای ئەوەی بەخشەرەکە گورچیلەکەی بەخشیوە، ئیدی پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاندووە و دۆخی تەندروستی بە جۆرێک تێکچووە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر مامەڵەی رۆژانەی داناوە.
 
"قسەی بەخشەر"

 

بەخشەری گورچیلەکە ناوی ئاشکرا نەکراوە گوتوویەتی، لە شەقامەکانی نەیجیریا کاری کردووە و "هەموو رۆژێک لە خودا پاڕاوەتەوە "چانسێکی هەبێت بچێتە بەریتانیا بۆ کارکردن یان خوێندن.
 
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەشکردووە، سیاسەتڤانە دەوڵەمەندەکە پێی گوتووە دەیبات بۆ لەندەن، بەڵام دەبێت چەند پشکنینێکی پزیشکی لە نایجیریا بکات و دواتر لە بەریتانیاش سەردانی چەند پزیشکێک بکات.
 
ئەو کوڕە کە تەمەنی 21 ساڵە دەڵێت، وای زانیوە ئەو پشکنینە پزیشکیانە پەیوەندییان بە کۆڤیدەوە هەیە؛ باس لەوە دەکات، ئەو کاتە زانیویەتی بابەتەکە بەخشینی ئەندامێکی جەستەیەتی کە لەگەڵ پزیشکەکاندا لە نەخۆشخانەی رۆیاڵی لەندەن دانیشتووە.
 
هاووڵاتییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لە سەرەتاوە بیزانیایە بابەتەکە ئەوەیە، "رازی نەدەبووم، چونکە لاشەی من بۆ فرۆشتن نییە."
 
بە گوێرەی پارێزەری ئەو هاووڵاتییە، ئێستا ئەو کوڕە تەمەن 21 ساڵە لەلایەن رێکخراوێکی خێرخوازییەوە لە بەریتانیا هاوکاری دەکرێت و دەڵێت، نایەوێت بچێتەوە نایجیریا، چونکە ئەو خێزانە لەوێ "دەسەڵاتیان زۆرە" و مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەبێت. 
 
ئاندی فۆرفی، لێکۆڵەری تایبەت بە کۆیلایەتیی مۆدێرن و هەراسانکردنی منداڵان دەڵێت، بابەتی کۆیلایەتیی مۆدێرن لە بەریتانیا زۆر جیدییە و ساڵ دوای ساڵ زیاد دەکات. دیاردەکە لە 2022 بەراورد بە ساڵێک پێشتر 16٪ زیادیکردووە و 50٪ لە 3 ساڵ بەر لە ئێستا زیاترە.
 
"کۆیلایەتیی مۆدێرن" چییە"

 

کۆیلایەتیی مۆدێرن بریتییە لەوەی کەسێکی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار دۆخی خراپی کەسێکی دیکە بقۆزێتەوە و لە رێگەی پارەوە خواستەکانی خۆی پێ جێبەجێ بکات کە بریتین لە کاری سەخت بە پارەی کەم یان پڕکردنەوەی حەزی سێکسی.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا مەزەندەی دەکەن ئەوانەی قوربانیی دەستی ئەم جۆرە نوێیەی کۆیلایەتین لە نێوان 38 بۆ 50 ملیۆن کەس دەبن لە جیهاندا.
 
بەگوێرەی رێکخراوی ئەمریکیی 'کۆیلەکان ئازادبکەن' کۆیلایەتی مۆدێرن کاتێک روودەدات کە کەسێک لە ژێر کۆنترۆڵی کەسێکدا بێت و بۆ هێشتنەوەی ئەو کۆنترۆڵە کەسی باڵادەست هێز و هەڕەشە و ترس بەکاربێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.