ئەندازیارێکی کورد لە ئەڵمانیا دەبێتە ناوێکی دیار؛ پسپۆڕی لە دروستکردنی تۆڕباییندا پەیداکردووە


رووداو دیجیتاڵ

زانا عەلی، لە قەڵادزێ لەدایکبووە و لە هەولێر بە هەژاری و دەستگێڕی ژیانی بەسەربردووە، بەڵام ئێستا لە ئەڵمانیا ئەندازیارە و لە زۆر کۆمپانیای گەورەی جیهانی سوود لە تواناکانی وەرگیراوە. 
 
زانا عەلی زیاتر لە 20 ساڵە لە ئەوروپا دەژی، ژیانێکی سەختی لە باشووری کوردستان هەبووە و لە ئەوروپاش بە زەحمەتی زۆر خۆی پێگەیاندووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئەوەی کە لە کۆمپانیای گەورەی وزە و ئۆتۆمبێل و تراکتۆرسازی وەک ئەندازیار کاربکات.
 
زانا عەلی لە دروستکردنی تۆڕبایینی ئامێرە زەبەلاحەکان شارەزایی پەیداکردووە، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و، رایگەیاند، " سەرەتا لە کۆمپانیای ئەلستۆمی فەرەنسی وەک کارگوزار وەرگیرام و کاری پاکردنەوەی زەوی و جام و پەنجەرەکانم دەکرد و جارجاریش کافێم بۆ کارمەندان ئامادە دەکرد، سەرەتا کە چوومە کۆمپانیاکە تووشی شۆک بووم بەهۆی گەورەیی ئامێرەکان و ئیتر خولیایەکی سەیرم بۆ دروستبوو و بڕیارمدا ببمە ئەندازیار لەو بەشەی کە کاری دروستکردنی تۆڕبایینی ئامێرە زەبەلاحەکانە."
 
ئەو ئەندازیارە کوردە بەردەوام بوو لە قسەکردن و باسی لەوەش کرد، "ئیتر پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە پتەوکرد و زۆر داوام لێکردن کە خولایایەکی زۆرم هەیە بۆ فێربوونی ئەو کارە و دوای ئەوەی زیاتر لە 50 هەزار جیڤی گەیشتنە کۆمپانیایەک، من یەکێک بووم لەوانەی وەرگیرام، چونکە کۆمپانیاکە تێچووی خوێندنەکە لەئەستۆ دەگرێت کە بڕەکەی زیاترە لە 300 هەزار دۆلار".
 
ئەندازیارە کوردەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە "دوای چوار ساڵ خوێندن پسپۆڕییم لە دروستکردنی تۆڕبایین وەرگرت، واتە ئێستا پسپۆڕییەکەم لە هەموو جۆرەکانی تۆڕبایینە و ئەو تۆڕبایینانەی ئێمە دروستی دەکەین زۆر گەورە و زەبەلاحن، بۆ فڕۆکە و ئامێری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە رێگەی با، هەروەها کەشتی و ئامێرەکانی کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێن".
 
زانا عەلی رایگەیاند، دەتوانێت هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی ئامێری باوە بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمبهێنرێت.