بەهۆی "خراپی کواڵێتیی بەنزین" سووتانی ئۆتۆمبێل لە ڤەنزوێلا بووەتە دیاردە

رووداو دیجیتاڵ 

لە ڤەنزوێلا، کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سووتەمەنی، بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە رۆژانە چەندین ئۆتۆمبێل گڕدەگرن و دەسووتێن.
 
بەشی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی زوولیا لە ڤەنزوێلا دەڵێت، تەنیا لە ویلایەتەکەی ئەواندا، رۆژانە چوار پەیوەندییان پێوە دەکرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ئۆتۆمبێلەکان. نرخی ئاگرکوژێنەوەش لە 5 دۆلارەوە بۆ 20 دۆلار بەرزبووەتەوە.  
 
خۆسێ فاریا، بەهۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی قۆڵ و سەری سووتاوە و بەمشێوەیە باسی رووداوەکە دەکات "کاتێک ئۆتۆمبێلەکەم هەڵکرد، هەستم بە دەنگێک کرد لە دواوە. هاوسەرەکەم گوتی ئاگری گرتووە. منیش بەخێرایی چوومە دواوە و کوشینەکەم هەڵدایەوە و ئاگرەکە کەمێک بوو، دواتر لەناکاو تەقییەوە".
 
ئەو بەنزینەی کە لە ویلایەتی زوولیای ڤەنزوێلا دەدرێتە شۆفێران کە بەشی زۆری لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، ئەگەر لە دەبەیەک بکرێت و کەمێک چاوەڕێ بکەی، وەک دوو گیراوەی تێکەڵکراو دەردەکەوێت. بەهۆی ئەو بەنزینەوە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر فیول پەمپی ئۆتۆمبێل لەکاردەکەون و مەترسیی سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیش زیاتر دەبن.
 
ئەنتۆنیۆ گارسیای میکانیک دەڵێت، ئەو کێشەیە تەواوی جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی گرتووەتەوە. "دەکرا بڵێین کێشەکە لە پاترییە، بەڵام من کار لەسەر 10 بڕاند دەکەم و هەموویان هەمان کێشەیان هەیە، واتە کێشەکە 100٪ بەنزینە نەوەک پاتری".
 
ئێستا رۆژانە چوار جار بەهۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەوە پەیوەندی بە بەشی ئاگرکوژێنەوەی زوولیا دەکرێت. هێڵی پەیوەندی فریاکەوتنیش هەمان شت.
 
بەهۆی زۆریی رووداوەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل، نرخی ئاگرکوژێنەوە لە پێنج دۆلارەوە بۆ 20 دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام کۆمپانیای نەوتی ڤەنزوێلا رەتیدەکاتەوە رووداوەکان پەیوەندییان بە خراپیی کوالیتی بەنزینەوە هەبێت.
 
هاوکات بڕێکی زۆری بە نرخی پاڵپشتیکراویش بەقاچاخ دەبرێتە کۆڵۆمبیا.