ژنێکی تەمەن 25 ساڵ بەسکێک نۆ منداڵی دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە وڵاتی مەغریب ژنێکی تەمەن 25 ساڵ بە سکێک پێنج کچ و چوار کوڕی دەبێت، وەک پزیشکەکان دەڵێن "تەندروستیی منداڵەکان جێگیرە."
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو منداڵەکان لە مەغریب لەدایکبوون. ژنەکە ناوی (حەلیمە سیسی)یە و خەڵکی وڵاتی مالی ئەفریقایە، 
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی تەندروستیی هەر نۆ منداڵەکە باشە و باوکی منداڵەکان دەڵێت "زۆر دڵخۆشم، پێنج کچ و چوار کوڕەکەم زۆر باشن".
 
فانتا سیبی، وەزیری تەندروستیی مالی پیرۆزبایی لە پزیشک و کارمەندانی مالی و مەغریب و هەموو ئەوانە دەکات کە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لەدایکبوونی منداڵەکان بەشداربوون.
 
پێشتر پزیشکانی مالی لەبارەی پرۆسەی منداڵبوونەکە و ئەگەری لە ژیاندامانی منداڵەکان دوو دڵ بوون، بۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری دا دوای دوو هەفتە لە مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بگوازێتەوە بۆ مەغریب.
 

دوای پێنج مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون لە مەغریب، رۆژی سێشەممەی رابردوو 04-05-2021 منداڵەکان لەدایکبوون.
 
باوکی منداڵەکان زۆر دڵخۆشە و دەڵێت "خودا ئەم منداڵانەی پێبەخشیوم، هەر خواش خۆی بڕیاردەدات کە چارەنووسی منداڵەکان چی دەبێت، من لەوبارەیەوە ناترسم." هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە هاوکاربوون لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە. 
 
ساڵی 2019 ژنێکی ئەمریکی بە سکێک هەشت منداڵی بوو و ناوی چووە کتێبی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان، ئێستا منداڵەکان تەندروستییان باشە و تەمەنیان 12 دەبێت.