میوزیک و رادیۆ لە کاتی شۆفێریدا مەترسیدارن

رووداو - هەولێر

هەندێک شۆفێر لەکاتی شۆفێریکردندا، بێ ئەوەی گوێ بە مەترسییەکانی کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێل بدات، بە گوێکردن لە مۆسیقا و هەواڵەکانی ردایۆ خۆی سەرقاڵ دەکات، ئەوەش ئەگەری رووداو هاتووچۆ و مەترسیی لەسەر ژیانی خۆی و سەرنشینەكانی دروستدەكات.

توێژەران گوێڕاگرتن بۆ مۆسیقا یا بەرنامەکانی رادیۆ لە کاتی شۆفێریکردندا، بۆ هەموو شۆفێرێک (تەنانەت ئەوانەی کە زۆر شارەزا و لێهاتوون) بە هەڕەشە و مەترسیێکی گەورە دادەنێن.

توێژەران بە ئاماژەدان بۆ ( تیۆری قورسایی باری هەست و سەرنج) دەڵێن، توانای چڕبوونەوەی مرۆڤ سنووردارە و کاتێک رێژەیێکی زۆری لێ بەکار بهێندرێت، توانای رێکخستنی زانیارییەکانی نامێنێت.

بەپێی ئەو تیۆرە، زانیارییە بیستراوەکان لەگەڵ زانیارییە بینراوەکان تێکەڵدەبن، بە واتایەک ئەو زانیارییانەی دەگوازرێنەوە بۆ هەستەکانی بیستن، کاریگەری لەسەر هەستەکانی دیکەی وەک بینین دادەنێن.

لە توێژینەوەیێکدا، کە لە زانکۆی (کرک) لە ئایرلەندا کراوە، کاریگەری گوێڕاگرتن بۆ راپۆرتی ترافیک لە رادیۆ، لە سەر توانای شۆفێر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئوتۆمبێلەکە هەڵسەنگێندراوە و دەرکەوتووە کە شۆفێرەکان لە کاتی گوێڕاگرتن بۆ رادیۆ، سەرنجیان لەسەر دەوروپشتی خۆیان نامێنێت و دەوروپشتی خۆیان نابینن.

توێژەران دەڵێن؛ هەرشتێک سەرنجی شۆفێر کەمبکاتەوە یا نەیهێڵێت، لە مۆسیقاوە بگرە تاوەكو بەرنامەی رادیۆ و گفتوگۆکردن بە مۆبایل، کێشە دروستدەکات و مەترسیی دەخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی ئوتۆمبێل.

ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجومەنی دەروونناسی بەریتانیا، لە شاری ناتینگهام پێشکەشکرا.