رووداو دیجیتاڵ
هەزاران خۆپیشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئەمریکا بە درووشمی "دەستهەڵگرن" لەدژی ئیدارەی ترەمپ وەستانەوە. ئەمە یەکەم خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئەمریکایە، لەوکاتەوەی ترەمپ چووەتەوە کۆشکی سپی.
خۆپیشاندەران تووڕەییان لە سیاسەتەکانی ترەمپ لەبارەی کۆچبەران، وڵاتانی جیهان، ئابووری و پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەربڕی.
خۆپیشاندانی "دەستهەڵگرن" لە هەزار و 200 شوێنی جیاوازی هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا بەڕێوەچوو. سەدان هەزار کەس لە بۆستن، شیکاگۆ، لۆس ئەنجڵس، نیویۆرک و واشنتن رژانە سەر شەقامەکان.
ئەو خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە، رۆژی 1ـی ئەم مانگە، ترەمپ لە باخچەی رۆز لە کۆشکی سپی بە خۆشحاڵییەوە "رۆژی رزگاریی ئەمریکا"ـی راگەیاند و گوتی، پێناسی گومرگیی جیاجیا بەسەر کاڵا هەناردەکراوەکان بۆ ئەمریکا دەسەپێنن.
جگە لە ئەمریکا، خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە لەندەن، پاریس و بەرلین کرا.
لە شاری بۆستنی ویلایەتی ماساچوسێتس، ئەمریکییەکان نیگەرانیی خۆیان لە هەڵکوتانە سەر خوێندکارانی زانکۆ دەربڕی، کە بوونە هۆی دەستگیرکردن و تەنانەت دیپۆرتکردنەوەش.
کەیتی سمیس، خوێندکاری بەشی یاسا گوتی، مانگی پێشوو چەند پۆلیسێکی دەمامکداری ئەمریکی لە نزیک (زانکۆی تەفتس) خوێندکارێکی تورکیان بەناوی رومەیسا ئۆزتورک دەستگیرکرد.
سمیس گوتی "ئەمڕۆ دەنگ هەڵدەبڕین، یان دواتر ئێمەش دەستگیر دەکەن."
لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، هەزاران خۆپیشاندەر کۆبوونەوە و گوێیان لە گوتاری سیاسەتڤانە دیموکراتەکان گرت.
گوتارەکان لەبارەی رۆڵی کەسانی دەوڵەمەندی وەکو ئیلۆن مەسک بوون لە ئیدارەی ترەمپ دا، کە وەکو راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکایە و پێشنیازی داخستنی ئاژانسی هاوکاریی وڵاتانی دەرەوەی کرد.
ماکسوێڵ فرۆست، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا گوتی، "ملیاردێرێک دەستی بەسەر حکومەتدا گرتووە. کاتێک ئێوە دزی لە خەڵک دەکەن، پێشبینی ئەوە بکەن خەڵکیش راپەڕێت، هەم لەسەر سندووقەکانی دەنگدان و هەم لەسەر شەقامەکان."
خۆپیشاندەرێک بە تووڕەییەوە گوتی، "ئێمە خەریکە مافە دیموکراسییەکانمان لەدەست دەدەین. زۆر نیگەرانی بچووککردنەوەی حکومەتی فیدراڵی و ناردنە ماڵەوەی فەرمانبەرانم."
پرسیار لەو خۆپیشاندەرە کرا، ئایا ترەمپ پەیامی خۆپیشاندەرانی پێدەگات؟، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "با بزانین چی روودەدات، ترەمپ هەموو رۆژێک هەر خەریکی یاری گۆڵفە."
لە لەندەن بە درووشمەکانی، "لە ئازاردانی خەڵک بووەستن" و "ئەو [ترەمپ] گەمژەیە" خۆپیشاندان کرا. خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد "دەست لە کەنەدا هەڵگرن"، "دەست لە ئۆکراینا هەڵگرن" و "دەست لە گرینلاند هەڵگرن."
ترەمپ چەندین جار بە ئاشکرا گوتوویەتی، کەنەدا دەکات ویلایەتی 51ـەم و دەست بەسەر گرینلاندیش دا دەگرن.
لە وەڵامدا کۆشکی سپی گوتی "هەڵوێستی سەرۆک ترەمپ روونە: ئەو هەمیشە بیمەی کۆمەڵایەتی، چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ کەسانی شایستە دەپارێزێت. لە کاتێکدا دیموکراتەکان ئەو خزمەتگوزارییانە دەدەنە دەست بوونەوەرە نایاساییەکان، کە گیرفانی ئەمریکا بەتاڵ دەکەن."
تۆم هۆمان، یەکێکە لە باڵاترین راوێژکارەکانی ترەمپ بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران، بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "خۆپیشاندان و گردبوونەوە هیچ مانایەکیان نییە. فەرموون خۆپیشاندان بکەن و یەکەمین مافی (ئازادی رادەربڕین)ـتان دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەوانە هیچ لە راستییەکان ناگۆڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ