لە ئەمریکا و ئەورووپا خۆپێشاندانی فراوان دژی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ دەکرێت

06-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا و ئەورووپا، سەدان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و لە دژی رێکارە نوێیەکان و بەتایبەتی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ خۆپێشاندانیان کرد. ئەمەش گەورەترین ناڕەزایەتییە لە دژی سەرۆکی ئەمریکا لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
 
رۆژی شەممە، 05ـی نیسانی 2025، کارمەندانی پێشووی فیدراڵی و چالاکڤانان و دژبەرانی سیاسەتەکانی ترەمپ لە شارە گەورەکانی وەکو؛ واشنتن، نیویۆرک، لۆس ئەنجلس، هیستون و مەیامی و چەندین شاری دیکە خۆپێشاندانیان لە دژی رێکارە نوێیەکانی ئیدارەی ترەمپ و بە دیاریکراوی پێناسە گومرگییەکان کرد. 
 
لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بە هەزاران کەس لە نزیک کۆشکی سپی گردبوونەوە و سەرۆکی ئەمریکایان بە لاوازکردنی حکومەت و ئابووری وڵاتەکە تۆمەتبار کرد. 
 
خۆپێشاندەران تووڕەییەکی زۆریان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری جیهان و سەرۆکی دەزگەی کارامەیی ئەمریکا، دەربڕی؛ ئەمەش لەکاتێکدایە هەریەک لە ترەمپ و مەسک رایانگەیاندووە ئەو رێکارانە بۆ ئەوەیە ژمارەی کارمەندانی فیدراڵی و خەرجییەکانی حکومەت کەم بکەنەوە. 
 
لە ئەورووپاش هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکانی پاریس، بەرلین، مەدرید و لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و سەرکۆنەی بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی ئەمریکایان کرد بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەسەر وڵاتانی کیشوەرەکە.
 
لە بەرلینی ئەڵمانیا، خۆپێشاندەران چوونە بەردەم ئۆفیسی کۆمپانیای تێسلا کە مەسک خاوەندارێتی دەکات و بە درووشمی "کۆتایی بە بێسەروبەری بهێنن" و "گەڕانەوەی دیموکراسی"، هۆتافیان لە دژی ترەمپ و مەسک گوتەوە. 
 
ئەورووپییەکان داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەکانیان کرد، چیدیکە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا بێدەنگ نەبن. خۆپێشاندەرێک دەیگوت، "یەکەمجار دژی کۆچبەران بوون؛ ئێستا دژی هەموو جیهانن، کەسیش قسە ناکات و بێدەنگی، ترەمپی چاونەترس کردووە." 
 
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەدژی فراوانبوونی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ گردبوونەوە و بە درووشمەکانی "سەروەریی یاسا" و "با رووبەڕووی دیکتاتۆر ببینەوە،" شەقامەکانی پاریسیان گرت. 
 
خۆپێشاندەرانی لەندەنیش، دژی سیاسەتەکانی ترەمپ لە جیهاندا گردبوونەوە، بەتایبەتی ویستی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا، گرینلاند و ئۆکراینا. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مێتا و ئاپەکانی. وێنە: Reuters

مێتا لە قەیراندایە؛ بە خۆسەپاندن بۆ بەدەستهێنانی وەتسئەپ و ئینستاگرام تۆمەتبار دەکرێت

دادگەییکردنی کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک دەستیپێکرد؛ لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە تۆمەتبارکراوە بەوەی هێز و باڵادەستیی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر وەتسئەپ و ئینستاگرامدا بگرێت تاوەکو دوو ئەپەکە نەتوانن ببنە رکابەری فەیسبووک.