بەشێک لەو بەرپرسانەی لەگەڵ ترەمپ کاریان کردووە: بۆ بوونە سەرۆکی ئەمریکا گونجاو نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لەو بەرپرسانەی لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کاریان کردووە، ئێستا لەگەڵ بەسەرۆکبوونەوەی ئەو نین.
 
میشێل پرایس، شرۆڤەکار دەڵێت، "لەکاتێكدا ترەمپ بەدوای سێیەمین خولی سەرۆکایەتییەوەیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی پێشووی ئیدارەکەی دژی ئەوەن ببێتەوە بە سەرۆک، ئەمە شتێکی تەواو نوێیە لە ئەمریکا، کە بەرپرسی پێشووی ئیدارەی سەرۆكێكی پێشوو لە دژیدا بوەستێتەوە. جگە لەو بەرپرسانە، کارمەندی ئاسایش هەن کە گەڕانەوەی ترەمپیان پێ باش نییە."
 
جەمیس ماتیس، یەکەمین وەزیری بەرگری و مارک ئێسپەر، دووەم وەزیری بەرگریی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ لە دژیدان و بە هەڕەشە بۆسەر دیمۆکراسی و یەکگرتوویی وڵات ناوی دەبەن.
 
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی، ترەمپ بە "کەسێكی نەشیاو" بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەزانێت.
 
مایک پێنس، جێگری ترەمپ دەڵێت، ترەمپ خۆی لە سەرەوەی دەستوور دەزانێت و هەر کەسێك بەو جۆرە بیر بکاتەوە، شیاوی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نییە.
 
هەندێکیش هەن سەرەڕای رەخنەکانیان، هێشتا دەیانەوێت دەنگ بە ترەمپ بدەن؛ وەکو ولیەم باڕ، داواکاری گشتیی پێشووی ئەمریکا کە ترەمپ بە کەسایەتییەکی "خۆویست" ناودەبات، کە تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە.
 
لیستەکە سەرووی 24 بەرپرسی پێشووی ئەمریکای لەخۆگرتووە؛ بەڵام پێچەوانەی بۆچوونی ئەو بەرپرسانەی پێشوو، 51%ی بەشداربووانی نوێترین راپرسیی لە شەش ویلایەتی یەکلانەبووەوەی ئەمریکا، دەریخستووە 51%یان توانستی ترەمپ لە چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەییان پێ باشە، بەراورد بە بایدن کە 38%ی بەدەستهێناوە.
 
جۆناسن کووپەر، شرۆڤەکار دەڵێت، "ویلایەتە یەکلانەبووەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان یەکلا دەکەنەوە. سێ ویلایەتیان لە باکووری ئەمریکان و لە 2020 دەنگیان بە بایدن دا؛ ئێستا ئەگەری هەیە هاوشێوەی 2016 دەنگ بە ترەمپ بدەنەوە؛ ئەگەر ئەمە رووبدات؛ ترەمپ هەڵدەبژێردرێتەوە."
 
نیگەرانیی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سنووری ئەمریکای بەزاندووە و وڵاتانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە دەکەن و نایشارنەوە کە بیر لە هەموو جۆرە سیناریۆیەک دەکەنەوە.