نەتەوە یەکگرتووەکان: 196 کارمەندمان لە جەنگی غەززەدا کوژراون

06-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 196 کارمەندی رێکخراوە مرۆییەکان لە جەنگی غەززەدا کوژراون و داواش دەکات، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری کوژرانیان پێکبهێندرێت. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "حکومەتی ئیسرائیل دانی بە هەڵەکانیدا ناوە، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کێ ئەو هەڵانەی کردووە؛ کێشەکە ئەو ستراتیژییە سەربازییەیە کە رێگە دەدات ئەو هەڵانە دووبارە و چەند بارە بکرێنەوە".
 
بەگوتەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای جەنگەکەوە 196 کارمەندی سەر بە رێکخراوە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە کوژراون. 
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار ئیسرائیلی بە زێدەڕۆیی لە هێرشەکان و هۆکاری کوشتنی کارمەندانی تۆمەتبار کردووە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بەشێک لە کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان بە هاوکاریکردنی حەماس تۆمەتبار دەکات. 
 
نیگەرانییەکان ئەو کاتە بەرامبەر ئیسرائیل زیادبوون کە رۆژی 2ـی نیسان ئیسرائیل کاروانی یەکێک لە رێکخراوە مرۆییەکانی لە غەززە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە لانیکەم حەوت کارمەندی رێکخراوەکە کوژران.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو کاتە رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی کاروانەکە "بێ مەبەست" بووە. 
 
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWAش دەڵێت، 173 کەس لە کارمەندانی رێکخراوەکە لە کەرتی غەززە کوژراون.
هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە دوو راگەیێندراوی جیادا داوایان کرد کە کار بکرێت بۆ ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ کوژرانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکبهێندرێت. 
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 33 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 75 هەزاری دیکەش دیکەش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە