پۆلیسی نەرویج بۆ پاراستنی موسڵمانان چەک هەڵدەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەرویج رایگەیاند، بۆ پاراستنی موسڵمانان لە مەترسییەکانی سەریان، رێگە بە هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەو پۆلیسانەوە دەدات کە لە ئەرکدان.
رۆژی شەممە، 6ی نیسانی 2024، پۆلیسی نەرویج رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئۆید رێیدەر هوملگارد، کۆمیسیاری پۆلیسی نەرویج بڕیاری چەکدارکردنی پۆلیسی لە تەواوی وڵاتدا دەرکرد.
هەروەها دەشڵێت، "ئەم بڕیارەی کۆمیسیاری پۆلیس بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر کۆمەڵگەی موسڵمان و فێستیڤاڵی جەژنی رەمەزانی موسڵمانانە."
لەبارەی مەترسییەکانەوە رۆار هانسن، گوتەبێژی پۆلیسی نەرویج گوتی، "مارەیەک لە مزگەوتەکانی وڵاتەکە لەژێر مەترسیدان."
ئەو راگەیێندراوەی پۆلیسی نەرویج دوای ئەوە دێت کە سێشەممەی رابردوو بڵاویکردبووەوە، زانیارییان پێگەیشتووە کە مەترسی هەبوونی بۆمب لەنێو پەرلەمانی نەرویج هەیە و پۆلیس دەوروبەری باڵەخانەی پەرلەمانی گرتووە.
پێشتریش لە جەژنی هەستانەوە (کریستیان) کە رۆژانی 27ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ 2ی نیسان بەڕێوەچوو پۆلیسی نەرویج رێگەی هەڵگرتنی چەکی پێدرا.
پۆلیسی نەرویج و وڵاتانی دیکەی ئەسکەندەناڤی رێگە بە پۆلیسی وڵاتەکانیان نادەن چەک هەڵبگرن تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە رێگەپێدانیان بۆ دەربکرێت.
لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی نەرویج 182 هەزاریان موسڵمانن کە دەکاتە 3.3٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە؛ زیاتر لە 100 مزگەوتیش لەو وڵاتە هەن.