هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان لە کەنەدا بە کوشتنی کچێک تۆمەتبار دەکرێت

06-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان بەناوی ئیبراهیم عەلی، لە دادگەیەکی کەنەدا بە تۆمەتی کوشتنی کچێکی 13 ساڵان دادگایی دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە دادگاییکردنی ئیبراهیم عەلی لە دادگەی باڵای هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیای کەنەدا دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دەستەی دادوەران گوتاری خۆیان لەبارەی کەیسەکەوە پێشكێش دەکەن و شاهیدەکانیش دەخرێنەڕوو.
 
کچە 13 ساڵانەکە لە ساڵی 2017 لە شاری بەرنابی لە هەمان هەرێم کوژرابوو. ئیبراهیم عەلی تۆمەتبارە بە کوشتنی کچەکە، بەڵام میدیای کەنەدی دەڵێت، رۆژی چوارشەممە سێ جار بە زمانی کوردی دووپاتی کردووەتەوە، "من ئەو کچەم نەکوشتووە."
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی شاهانەی بریتش کۆڵۆمبیا بە میدیای کەنەدیی گوتووە، ئاشکراکردنی ناوی کچەکە قەدەخە کراوە.
 
چەند کاژێرێک دوای بێسەروشوێنبوونی، لە 18ی تەممووزی 2017، تەرمی کچەکە لەنێو پارکی شاری بەرنابی دۆزرایەوە. ئیبراهیم عەلی ساڵێک دواتر و لە 7ی ئەیلوولی 2018 دەستگیر کرا.
 
پۆلیس رایگەیاندووە، عەلی، کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی 28 ساڵ بووە، هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و 17 مانگ پێش دەستگیرکردنی، وەکو پەنابەر گەیشتووەتە کەنەدا. لەو کاتەوە لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.
 
کاتێک کە لە دادگەی باڵای بریتش کۆڵۆمبیا پرسیاری لێکرا، ئیبراهیم عەلی سێ جار بە کوردی دووبارەی کردەوە، "من ئەو کچەم نەکوشتووە"، ئەمەش وەکو میدیای کەنەدی باسی دەکات.
 
بەگوێرەی میدیاکە، لە دانیشتنەکەدا وەرگێڕی کوردی - ئینگلیزی ئامادە بووە.
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی کچە 13 ساڵانەکە یەکێکە لە لێکۆڵینەوە هەرە گەورەکانی پۆلیسی کەنەدا. پۆلیس دەڵێت، زیاتر لە 600 لێپرسینەوەیان کردووە، زیاتر لە هەزار کاژێری ڤیدیۆیان کۆکردووەتەوە و سەرووی 2000 کەس خراونەتە ژێر چاودێری و بەدواداچوونەوە. بەڵام تائێستاش، تەنیا چەند زانیارییەکی کەم بڵاوکراونەتەوە لەسەر ئەوەی کە بۆچی لێکۆڵینەوەکان رووی پۆلیسیان کردە ئیبراهیم عەلی.
 
کچەکە کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی 18ی تەممووزی 2017 بینراوە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و دواتر بۆ ناو پارکی نێوەندیی شارەکە. ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری پێشانی دەدەن کچەکە دواتر چووەتە قاوەخانەیەک و بۆ ماوەی کاژێر و نیوێک لەوێ ماوەتەوە.
 
رۆژێک دواتر، کاژێر 11:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی 18ی تەممووز، خێزانەکەی پۆلیسیان لە ونبوونی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە. کاژێرێک دوای ئەوە، تەرمەکەی لەنێو گۆشەیەکی پارکەکە دۆزرایەوە. پۆلیس بە شوێنکەوتنی مۆبایلەکەی دۆزییانەوە. 
 
خۆپێشاندان دژی پەنابەرانی سووریا لە ئەنجامی تاوانەکە
 
لە ماوەی رابردوودا، چەند جارێک خۆپێشاندەران لە بەردەم دادگەکە ناڕەزاییان دەربڕیوە و رەخنەیان لە سیاسەتی جەستن ترودۆی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان گرتووە بەوەی کە رێگەیداوە پەنابەرە سوورییەکان بچنە وڵاتەکەیانەوە.
 
داواکاری گشتیی شاهانەی کەنەدا رایگەیاندووە، ئیبراهیم عەلی هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە و پێش تاوانەکە بۆ ئەوان ناسراو نەبووە.
 
رۆژی چوارشەممە هیچ خۆپێشاندانێکی لەو جۆرە نەکران، دادوەری دادگەکەش لە پێشەکیی گوتارەکەیدا بۆ دەستەی دادوەران جەختیکردەوە، پێویستە پابەندبن بە بێلایەنبوون لە کاتی دادگاییکردنی کوردێکی موسڵمان کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چووەتە کەنەدا.
 
دادوەرەکە گوتی، "لایەنداریکردنمان لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی وەکو رەگەز یان رەچەڵەک، چ هەستی پێ بکەین یان نا، دەکرێت کار بکاتە سەر چۆنێتیی بڕواکردن یان بڕوانەکردنی ئێمە بەو شتانەی دەیانبینین یان پێمان دەگوترێن، یان چۆنێتی کاردانەوەی ئێمە بۆ ئەو شتانە. پێویستە هەوڵی وریایانە بدەن بۆ رێگریکردن و یارمەتیدانی دادوەرانی دیکەش بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بازدان بۆ ئەنجامێک لەسەر بنەمای رەچەڵەک، نەژاد، ئایین یان رەگەز."
 
خێزانی کچە کوژراوەکە رۆژی چوارشەممە هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە دادگاییکردنەکە نەدا و بە بێدەنگی لە ریزی رۆژنامەڤانەکان لە هۆڵی دادگەکە دانیشتبوون.
 
خێزانی کچەکە ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی دادگاییکردنەکە دەکەن، کە لە بنەڕەتدا بڕیار بوو لە ئەیلوولی 2020 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکەی یاساییەوە دواخرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە