لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە پاکستان لانیکەم 9 پۆلیس کوژران

06-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان لانیکەم نۆ پۆلیس کوژران و 16ی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە 6ی ئاداری 2023 عەبدولحەی عامر، بەرپرسی پۆلیس لە شاری کاچیی باشووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "خۆکوژەکە ماتۆڕێکی لێدەخوڕی و لە پشتەوە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە" کە پۆلیسی دەگواستەوە.
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی داداری سەر بە پارێزگای بەلوچستان روویداوە، کە 120 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای بەلوچستانی وڵاتەکەوە دوورە.
 
مەحموود نۆتەزای، ئەفسەری پۆلیس لە قەزای کاچی رایگەیاند، رووداوەکە کاتێک روویداوە، "پۆلیس لە رێگەدا بوون بۆ ئەوەی لە ئەرکی یەک هەفتەییان بگەڕێنەوە ماڵەوە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکانی پاکستان ساڵانێکە لەگەڵ چەکدارانی بەلوچ کێشەیان هەیە کە داوا دەکەن بەشێکی زیاتری سەروەت و سامانی پارێزگای بەلوچستانیان پێبدرێت. بەلوچستان بە گەورەترین و هەژارترین پارێزگای پاکستان هەژمار دەکرێت. جگە لەوەش، تاڵیبانی پاکستان چەند جارێک بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار کراوە.
 
هەرچەندە تائێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکە رانەگەیاندووە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تیرۆری بەلوچستان بەشێکە لە ئەجێندایەکی شەڕانگێزانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات."
 
مانگی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی پۆلیس لە کاراچی، پێنج پۆلیس کوژران. ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای تەقینەوەی مزگەوتێک لە شاری پیشاوەر هات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 80 پۆلیس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.