لە ئەفغانستان ژنان روو لە پیشەسازیی رستن و چنین دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەفغانستان ژنان روویان لە کارکردن و پیشەسازیی رستن و چنین کردووە، بەشێکیان پێش هاتنی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات مامۆستا، فەرمانبەر و خاوەن کار بوون، بەڵام ئێستا ناچارن تەنیا لەو شوێنانە کار بکەن کە بۆ ژنان رێگەپێدراوە.
 
نەجیب حوسەینی، گڵێم چن دەڵێت، "پێشتر فەرمانبەری حکومەت بووم، مووچەیەکم وەردەگرت، خۆم و منداڵەکەشم پێی دەژیاین. لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، خەڵک کاریان نەماوە، منیش یەکێکم لەوانە. هەوڵم دا و کارم دەستنەکەوت، لە کۆتاییدا لێرە کارێکم دەستکەوت، بەڵام چ کارێک، هەمووی نەهامەتییە."
 
چەند سەتەیەکە گڵێمی ئەفغانی لە یەکەمەکانی جیهانە. ساڵی 2008، 2013 و 2014 لە پێشانگەی دەستڕەنگینی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا، گڵێمی ئەفغانی بە باشترین هەڵبژێردراوە.
 
بەهۆی سستیی کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکەوە، لەم ساڵانەی دواییدا خواست لەسەری کەم بووەتەوە.
 
محەممەد قاسمی، بازرگانی گڵێم ئاماژە بەوە دەکات، "وەبەرهێنانێکی گەورەم لە پیشەسازیی گڵێمدا کردووە، ئێستا دووچاری ئاستەنگ بووینەتەوە، چونکە گەشتە ئاسمانییەکان کەمن و بەمەش کڕیاری دەرەکی زۆرمان لەدەستداوە. پێشتر کڕیاری نێودەوڵەتیمان هەبوو، بەڵام ئێستا زۆر کەم بوونەتەوە."
 
مانگی ئابی 2021، بزووتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردەوە. لەگەڵ کۆنترۆڵ کردنی تەواوی وڵاتەکە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەوانەش "قەدەخەکردنی خوێندن و کارکردنی ژنان بوو."
 
بەگوێرەی بانکی جیهانی، رێژەی خوێندەواری لەنێو ژنانی ئەفغانستان 23%یە. 3.7 ملیۆن منداڵی ئەفغانستانی بێبەشن لە خوێندن کە 60%یان کچن. ساڵی 2019 ژنان 36%ی مامۆستایانی ئەفغانستانیان پێکدەهێنا.