فەرەنسا هاوكاری ئەو كۆچبەرە كوردانە دەكات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە
رووداو - هەولێر
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا داوا لە پەنابەر و کۆچبەرە کوردەکانی ئەو وڵاتە دەکات "هەر کەسێک لەسەر خواستی خۆی بگەڕێتەوە کوردستان یارمەتی ماددی دەدرێت."
دارا ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی " ئەو کۆچبەرانەی بەخواستی خۆیان دەگەڕێنەوە، جگە لە خەرجییەکانی گەڕانەوە، حکومەتی فەرەنسا هاوکارییەکی ماددیشیان دەکات و تاوەكو ئەو کاتەی رێوشوێنەکانی گەڕانەوەیان تەواو دەبن ئەو رێکخراوانە خەرجی ژیان و شوێنی مانەوەشیان بۆ تەرخان دەکات".
دارا ئەبوبەکر گوتیشی" چەند رێکخراوێکی تایبەت بە کۆچبەران، کە سەر بە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی فەرەنسان، داوایان لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لە دۆزینەوەی ئەو پەنابەرە کوردانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە یارمەتییان بدەن".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا داوا لە هەموو پەنابەر و کۆچبەرانەی فەرەنسا دەكات، بەتایبەتی کۆچبەرانی کەمپی کالێ و دانکیخک و ئەوانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، پەیوەندی بکەن بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان و داواکاری پێشکەش بکەن.