داخستنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، کاری رێکخراوەکانی لە جیهان پەکخستووە

رووداو دیجیتاڵ

پایەس کێنێدی، هاووڵاتیێکی ئۆگەندای ئەفریقیایە و، تووشبووی نەخۆشیی ئەیدزه. ئەو لە ئەمریکاوە هەواڵێکی ناخۆشی پێگەیشتووە؛ ئاژانسی ئەمریکی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، داخراوە.
 
چیدیکە پایەس کێنێدی و 25 ملیۆن تووشبووی ئەیدز لە 55 وڵاتی ئەفریقیا، هاوکاریی پزیشکی وەرناگرن. 
 
پایەس کێنێدی دەڵێ "ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، گەورەترین یاریدەدەری تووشبووانی ئەیدزە لە جیهان؛ دەگوترێت ئیلۆن مەسک ئاژانسەکەی داخستووە." 
 
لە شێڵتەرێکی شاری پاڤلۆرادی نزیک بەرەکانی شەڕی ئۆکراینا، سەرووی 200 ئاوارە هەن. خەرجیی مانگانەیان، 7 هەزار دۆلارە و 4 هەزار دۆلاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی دابینی دەکات. 
 
لە 193 وڵاتی جیهان، ئاژانسەکە لە 120ـیان دا چالاکە و ساڵانە لانیکەم 40 ملیار دۆلار خەرجیی وڵات، ئاژانس، بەرنامە و رێکخراوەکان دەکات؛ لەنێویاندا رێکخراوی لقی تورکیای پزیشکانی جیهان.
 
هاکان بیلگین، لە رێکخراوی پزیشکانی جیهان دەڵێ، "لەناکاو فەرمانی وەستاندنی کارەکانمان لە ئەمریکاوە پێگەیشت. لە 60٪ـی خەرجیی ئەم ناوەندەمان پشت بەو ئاژانسە دەبەستێت. ئێمە هاوکاریی پزیشکی پێشکێشی نیوەی ئەو چوار ملیۆن نەخۆش و ئاوارەیە دەکەین، کە لە سووریا و لوبنان هەن." 
 
مەسک بە چرای سەوزی ترەمپ، هێرشی تووندی کردووەتە سەر ئاژانسەکە و بە "رێکخراوێكی تاوانبار" ناوی بردووە و دەڵێت "لەنێوی دەبەین." 
 
لە چەند شارێكی ئەمریکا لەنێویاندا واشنتن دی سی، خۆپیشاندان دژی مەسک و کارەکانی رێکخران.
 
کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیموکرات دەڵێ "باش بزانن، ئاگادار بن، هەوڵەکانی ئیلۆن مەسک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، خەڵاتێكە و دەدرێتە چین، رووسیا و نەیارانمان لە سەرانسەری جیهان، مەسک مافی ئەوەی نییە ئەو کارە بکات، ئاژانسەکە ئامرازێكی گرنگی دیپلۆماسیی ئەمریکایە لە جیهان دا."  
 
بەرپرسی ئەو دیپلۆماسییەتە کە مارک روبیۆـی وەزیری دەرەوەیە، دەڵێت سەردەمی تەخشان و پەخشانی ئەمریکا بەسەر وڵاتانی جیهان کۆتاییهاتووە، ئەمریکای سەردەمی ترەمپ لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دادەڕێژرێتەوە و هەر ئاژانس، ناوەند، دامەزراوە و وەزارەتێك کەمترینی زیان بەو بەرژەوەندییە بگەیێنێت؛ هەڵدەوەشێندرێتەوە یان رادەگیرێت.
 
دیموکراتەکانیش پڕۆژەیاسایەک دژی مەسک ئامادە دەکەن تاوەکو بە یاسا رێگربن لەوەی دەستی بە داتا و زانیاری دامەزراوە فیدراڵییەکان بگات.