پێنتاگۆن بۆ رووداو: گرووپە هێرشکارەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، ئەوان دەزانن چی گرووپێکی چەکداری لە عێراق و سووریا لە پشت هێرشەکانی سەر هێزەکانیان بوون و هەمووشیان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە، 06ی شوباتی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا- پێنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتنی دایەوە و رایگەیاند، "دەزانین کە گرووپەکانی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پشت ئەو هێرشانەوەن".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو گرووپانە هێرشەکانیان راگرتووە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو رایانگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا رادەگرن، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، "ئێمە لە ماوەی رابردوودا بینیومانە کە چەند هێرشێک کراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا".
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان وەکو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، لانیکەم 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ئوردن.
لە وەڵامی هێرشەکەی رۆژی 28ی کانوونی دووەمی رابردوو بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە باکووری ئوردن کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە 40ی دیکە، شەوی هەینی ئەمریکا زنجیرە هێرشێکی کردە سەر 85 پێگەی ئەو گرووپانە لە عێراق و سووریا لە رێگەی 125 مووشەک.
عێراق رایگەیاند، لانیکەم 16 کەس کوژران و 36ی دیکە بریندار بوون.
لەبارەی وردەکاری هێرشەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، سابرینا سینگ، بە رووداوی راگەیاند، "زیاتر وردەکاری لەبارەی هەریەک لەو هێرشانە ئاشکرا ناکەم. ئاگادارین کە ئەو جۆرە گرووپانە، بەتایبەت گرووپی کەتائیبی حیزبوڵلا لە هێرشەکەی سەر هێزەکانمان لە ئوردن دەستی هەبوو؛ ئێمە ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی دەکەینەوە".
لە دوای هێرشەکەش بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشەکانی شەوی هەینی دوایین هێرشیان نابێت و بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی ئەو گرووپانە.