رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەتی لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە دەدات و گوتی: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە یەک کاتدا قسە لەگەڵ تورکیا و رۆژئاوای کوردستان دەکات" و دەیەوێت چەکەکان بێدەنگ بکرێن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممە، 06-01-2025 لە گوتەیەکیدا بۆ دیپلۆماتکاران و باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "پشت لە شەڕڤانانی کورد ناکەین."
د. عادل باخەوان رایگەیاند، ئەو قسانەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی کردنی، تەنیا تایبەت نین بە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو تایبەتیشن بە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق بە بیری هێنایەوە کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، سەرۆک ماکرۆن هاتە هەولێر و گوتی: ئەگەر ئەمریکا هاوپەیمانەکانی جێبهێڵێت، ئەوان جێیان ناهێڵن، بە بڕوای عادل باخەوان "ئەوە یەکێکە لە لێدوانە هەرە گرنگەکان لە مێژووی دیپلۆماسیەتی ئێمە دا."
عادل باخەوان دەڵێت: "ئەگەر ماکرۆن ئەو قسەیەی بەرامبەر هەر گرووپ و پێکهاتەیەکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوتایە، تەواوی جەستەی دیپلۆماسیەتی ئەو گرووپە وەکو کوورەی هەنگ دەجووڵا بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکات."
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، باسی کاریگەریی ماکرۆن لەسەر سەرکردەکانی جیهان دەکات و باسی دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ دەکات لە کاتی کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردام لە پاریس و دەڵێت: "کاتێک سەرۆک ماکرۆن هەڵومەرجی گفتوگۆ لە نێوان کاک نێچیرڤان و سەرۆک ترەمپ دەڕەخسێنێت، ئەوە ئاماژەیە ماکرۆن دەیەوێ راستەوخۆ کارایی لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ دابنێت لەبارەی رۆژئاوا و باشووری کوردستان."
عادل باخەوان باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە و گوتی: "ئەوەندەی من ئاگادار بم سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە یەک کاتدا قسە لەگەڵ تورکیا و رۆژئاوای کوردستان دەکات. ئەوەندەی من ئاگادار بم لە پشت پەردە و بە ئارامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ تورکیا و هەسەدە هەیە بۆ ئەوەی چەکەکەیان بێدەنگ بکرێن. رێک ئەو داوایەیە کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردی."
بە گوتەی د. عادل باخەوان، فەرەنسا لەسەر سێ ئاست لە رۆژئاوای کوردستان کار دەکات، ئاستی یەکەم بریتییە لە یەکخستنی ماڵی کورد، ئاستی دووەم تووندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرەتا بە شاندێک دەستیپێکرد و دواتر وەزیری دەرەوەی ناردە وڵاتەکە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، "دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پرسی کورد بوروژێنێت و کوردانی سووریا لە حکومەتی داهاتوو دا ببنە دینامیکێکی ستراتیژی."
ئاستی سێیەمیش، وەکو د. عادل باخەوان باسی دەکات. بریتییە لە هاوئاهەگی لە رووی نێودەوڵەتییەوە؛ "بەتایبەت لەگەڵ ئەنقەرە و واشنتن، دەیەوێت لەگەڵ تورکیا کار بکات تاوەکو چەکەکان بێدەنگ بکرێن، فەرەنسییەکان لەگەڵ واشنتنیش کار دەکەن باوەڕ بە دۆناڵد ترەمپ بهێنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان نەکشێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ