سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بۆچی دەستی لەکار کێشایەوە؟

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەست لەکار کێشانەوەی لە سەرکردایەتیی حیزب و سەرۆکی حکومەت راگەیاند و گوتی، هەرکاتێک کەسێک لە شوێنی ئەو دەستنیشان بکرێت، نووسینگەی جێدە‌هێڵێت. ئەمەش دوای چەندین مانگ لە ئەنجامی خراپی راپرسییەکان و دابەشبوونی ناوخۆیی پارتەکەی.
 
رۆژی دووشەممە 06-01-2025 جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی حیزبەکەم کەسێکی نوێیان دەستنیشانکرد، من دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە سەرکردایەتیی حیزب و سەرۆکوەزیران رادەگەیێنم."
 
جەستن ترودۆ گوتیشی: "دوێنێ شەو، داوام لە سەرۆکی پارتی لیبراڵ کرد دەست بەو پرۆسەیە بکات. ئەم وڵاتە شایانی بژارەیەکی راستەقینەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆ منیش روون بووەوە کە ئەگەر شەڕی ناوخۆیی [گرژییەکانی نێو پارتەکە] بکەم، من نابمە باشترین بژارەی هەڵبژاردنەکە."
 
ترودۆ لە 2015ـەوە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بوو، دوای سەرهەڵدانی چەند قەیرانێکی سیاسیی ناوخۆیی، بەشێک لە ئەندامە باڵاکانی حیزبەکەی داوایان لێکرد بکشێتەوە.
 
هێشتا دیار نییە ترودۆ تاوەکو کەی وەکو سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە. ترودۆ 11 ساڵە سەرکردایەتیی پارتی لیبراڵی کەنەدا دەکات.
 
هۆکارەکانی دەست لەکار کێشانەوەی ترودۆ
 
ترودۆی 53 ساڵ رایگەیاند: "پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک حیزبی داهاتوو بەهێز، سەرانسەری و کێبڕکێکار دەبێت."
 
ئەمە بە مانای ئەوە دێت، لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە 20-01-2025؛ ترودۆ هێشتا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە. ئەرکی ترودۆ بریتی دەبێت لە سەرکردایەتیی کردنی وڵاتەکەی لە ماوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، یانیش "جەنگیی بازرگانی" وەک هەندێک سەرچاوە باسی دەکەن.
 
ترەمپ بەڵێنی داوە، هەر بەرهەمێکی کەنەدا هەناردەی ئەمریکا بکرێت، 25٪ باجی گومرگی بخاتە سەر. ئەمە لەوانەیە زیانی زۆر بە ئابووریی کەنەدا بگەیێنێت، سەرەڕای ئەوەی ترودۆ بەڵێنی داوە وەڵامی ئەو جەنگە بداتەوە.
 
لە ساڵی پارەوە وردە وردە پشتیوانیی ئەندامانی پارتی لیبراڵ بۆ سەرۆکەکەیان کەمی دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی 12ـی 2024 وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیرانی کابینەکەی ترودۆ دەستیان لەکار کێشایەوە، باری سەرۆکوەزیران زیاتر لار بوو.
 
کریستیا فریلاند، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە نامەیەکدا، تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ ترودۆ کە "یاریی سیاسی" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەران کۆبکاتەوە، لەنێویشیاندا، باجی کریسمس؛ بەڵام ناچێت هەوڵی سەقامگیرکردنی دارایی کەنەدا بدات، پێش ئەوەی ترەمپ پلانی گومرگی جێبەجێ بکات.
 
میدیای کەنەدا فریلاند وەکو یەکێک لە بژارە بەهێزەکان بۆ شوێنگرتنەوەی ترودۆ دەبینن.
 
لۆری تێرنبوڵ، مامۆستای بەشی سیاسەت لە زانکۆی دالهاوزی لە کەنەدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەشێوەیەکی نەریتی، کێبڕکێی سەرۆکایەتیی پارتی لیبراڵ چوار بۆ شەش مانگ دەخایێنێت، بەڵام ئەمجارە دەبێت خێراتر بن. ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو [مانگی تشرینی یەکەم] سەرکردەیەک دانەنێن، ئیدی دوای ئەوە هیچ مانایەکی نامێنێت."
 
هۆکارێکی دیکە، لاوازبوونی لیبراڵ و بەهێزبوونی پارتی پارێزگارانە کە ئۆپۆزیسیۆنن، لە راپرسییەکاندا. ئەم لاوازبوونە، ساڵی پار بووە هۆی ئەوەی پەرلەمان سێ جار دەنگدان و دانیشتن لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە ترودۆ بکات، بەڵام ئەو لە هەر سێ جار رزگاری بوو.
 
پارت و حکومەتەکەی جەستن ترودۆ لەگەڵ پارتی دیموکراتی نوێ (NDP)ـی چەپ هاوپەیمانییان پێکهێنابوو، بەڵام مانگی رابردوو، پارتەکە رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوو پشتیوانیی لە لیبراڵەکان ناکەن.
 
لە پەیامی دەست لەکار کێشانەوەکەی ئەمڕۆ، ترودۆ رایگەیاند، مۆڵەتی لە حاکمی گشتیی کەنەدا وەرگرتووە بۆ ئەوەی پەرلەمان تاوەکو 24-03-2025 بە داخراویی بمێنێتەوە و دواتر دەست بە کار و دانیشتنەکان بکەن. ئەمەش کاتێکی باشتر بە لیبراڵەکان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانن سەرۆکێک بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن و رێگە لە پارتی ئۆپۆزیسیۆن بگرن دەنگ لەسەر لێسەندنەوەی متمانە بدات.