سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەستی لە کار کێشایەوە

دوێنێ کاژێر 07:05
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکی پارتی لیبراڵ و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا راگەیاند.
 
بەڵام تاوەکو دەستنیشانکردنی کەسێکی نوێ، ترودۆ لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا دەمێنێتەوە.
 
ترودۆ لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "کەنەدا ئەمڕۆ وڵاتێکی باشترە تاوەکو ئەو کاتەی بوومە سەرۆکوەزیران لە ساڵی 2015. سیاسەتی ئابووریما کاریگەری لەسەر هەمووان هەبوو، نەک تەنیا دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە".
 
هەروەها گوتی، بەهۆی ململانێی نێوخۆیی حیزبەکەیەوە ناتوانێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتەوە سەرۆکی حیزب و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
 
جەستن ترودۆ لە 2013ـەوە سەرۆکی پارتی لیبراڵە و زیاتر لە نۆ ساڵیشە سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە.
 
بەم دواییانە، بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی باجی گومرگی دووچاری چەندین گوشار بووەوە. لە لایەکی دیکەوە، چەندین هاوپەیمانی نزیکی پشتیان لێکرد و لێی دوورکەوتنەوە. ئەمە جگە لە ئەنجامی راپرسییەکان کە پێدەچێت چیدی خوازراوی گەلی کەنەدا نەبێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدا لە 25-10-2025 بەڕێوەبچێت. راپرسییەکان نیشانی دەدەن پارتەکەی ترودۆ شکست دەهێنێت، بۆیە لەوانەیە بڕیارەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، پێش ئەوەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێبکرێت. پێشبینیش دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
 
دەست لەکار کێشانەوەی ترودۆ، پارتی لیبراڵ بەبێ سەرکردە جێدەهێڵێت، ئەمەش زیاتر زەوینەسازی بۆ پارتی پارێزگاران خۆش دەکات کە پارتی ئۆپۆزیسیۆنە و رکابەری لیبراڵە.
 
ئێستا لە هەندێک لە راپرسییەکان پارتی پارێزگاران 20٪ لە پێش لیبراڵەوە دێت.
 
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە نزیکەی 20 ئەندام پەرلەمانی پارتی لیبراڵ داوایان لە ترودۆ کرد دەست لە کار بکێشێتەوە.
 
بڕیارە دەسەڵاتی جێبەجێکاریی نیشتمانیی پارتی لیبراڵ، کە کۆنتڕۆڵی پرسەکانی تایبەت بە سەرکردایەتیی پارتەکە دەکات، چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبببێتەوە، چاوەڕێ دەکرا لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە بەسەر ترودۆدا بسەپێندرێت.
 
دوایین هەڵبژاردنی ترودۆ وەک سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە 2021 بوو، پێش ئەوەش دوو جاری دیکە هەمان پۆستی پێدرابوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە