شازادە هاری: کوشتنی ئەفغانییەکان لەلای من وەکو لادانی بەردی شەترەنج وابوو


رووداو دیجیتاڵ

بەکارهێنانی کۆکاین، پەیوەندیی "ئابڕووبەرانە" و کوشتنی خەڵکی لە ئەفغانستان و چەندین پرسی مشتومڕهێنی دیکە بابەتی سەرەکیی کتێبێکی بیرەوەریی شازادەی بەریتانیان کە دەگوترێت "بە هەڵە" بڵاوکراوەتەوە. 
 
پەرتووکێکی بیرەوەریی شازادە هاری، شازادەی سەسێکس بە ناوی "سپێر" کە بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی بڵاوبکرێتەوە، وەشانە ئیسپانییەکەی "بە هەڵە" فرۆشراوە و چەندین نهێنی تایبەت بە شازادە بەریتانییەکە لەخۆدەگرێت. چەند ساتێکی کەم دوای ئەوەی پەرتووکەکە لە پەرتووکخانەکانی ئیسپانیا بڵاوکرایەوە، دەستبەجێ لە هەموو رەفەکانی پەرتووکخانەکاندا هەڵگیرا، بەڵام چەند کۆپییەکی دەست میدیاکان کەوتن و ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە. 
 
دزەکردنی کتێبەکە دوای ئەوە هات کە شەوی چوارشەممە، وەشانی ئەمریکیی رۆژنامەی گاردیان رایگەیاند، کۆپییەکی کتێبەکەیان "بینیوە" و بەشە گرنگەکانی کتێبەکەی بڵاوکردەوە. 
 
ئەو ئاشکراکردنە راشکاوانە دەتوانێت مەترسی لەبارەی سەلامەتییەکەی زیاتر بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە هەر خۆی دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 دا لەگەڵ مێگن بەریتانیای جێهێشت و چووە ئەمریکا، ئەو پارێزبەندییەی لەلایەن شانشینی بەریتانیاوە بۆی دابینکرابوو، لێی سەندرایەوە. 
 
کوژرانی خەڵکی ئەفغانستان "وەکو لابردنی بەردی شەترەنج وایە" 
 
چەند بابەتێکی دیکەی مشتومڕهێنەر باسکراون؛ وەکو بەکارهێنانی کۆکاین لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یەکەم پەیوەندیی "ئابڕووبەرانەی" سێکسی لەگەڵ کەسێکی لەخۆی گەورەتر لە حەوشەیەکی پشتەوەی مەیخانەیەک و کوشتنی خەڵکی لەو کاتەی ئەفغانستان سەرباز بووە. 
 
لە کتێبەکەیدا شازادە هاری باس لەوە دەکات، ئەو کاتەی لە ساڵی 2012-2013 لە ئەفغانستان بووە، فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەری ئەپاچی بووە و دان بەوەدا دەنێت کە 25 "چەکداری" کوشتووە. 
 
شازادە هاری لەبارەی کوژرانی ئەو کەسانە لە ئەفغانستان دەنووسێت: "ئەوە ژمارەیەک نییە کە پێی قایل بم، بەڵام تووشی شەرمەزاریشم ناکات". کوشتنەکانیشی بە لادانی "بەردی شەترەنج لەسەر تەختەکەی" وێنا دەکات.
 
هاری دەڵێت: "کاتێک خۆمم بینی کە لەناو گەرما و سەرلێشێواوی شەڕەکاندا نقوم بووم، ئەو 25 کەسەم وەک مرۆڤێک نەدەبینی. ئەوان بەردی شەترەنج بوون کە لە تەختەکە لادرابوون. کەسانی خراپمان لەنێوبرد پێش ئەوەی بتوانن کەسانی باش بکوژن".
 
ئەمە کاردانەوەی تووندی بزووتنەوەی تاڵیبانی لێکەوتەوە. ئەنەس حەقانی، سەرۆکی تۆڕی حەقانی و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی نێو بزووتنەوەکە رۆژی هەینی لە تویتێکدا بۆ شازادە هاری نووسی: "کاک هاری! ئەوانەی کوشتتن بەردی شەترەنج نەبوون، مرۆڤ بوون؛ خێزانێکیان هەبوو چاوەڕێی گەڕانەوەیان بوون." دەشڵێت، لەنێو بکوژانی ئەفغانییەکاندا "زۆر نین ئەوانەی رووی تۆیان هەبێت تا ویژدانیان ئاشکرابکەن و دان بە تاوانە جەنگییەکانیاندا بنێن".
 
ماددەی هۆشبەر
 
هاری دان بەوەدا دەنێت کە چەند جارێک کۆکاینی بەکارهێناوە ئەو کاتەی هەرزەکار بووە و دەڵێت، ویستوویەتی "هەر شتێک بکات بۆ ئەوەی یاساکان بگۆڕێت"، بەڵام دەشڵێت: "زۆر خۆش نەبوو و، نەبووە هۆی ئەوەی هەست بە دڵخۆشییەکی تایبەت بکەم وەک ئەوەی پێدەچێت کەسانی دیکە هەستی پێبکەن، بەڵام وای لێکردم هەست بە جیاوازی بکەم و ئەوە ئامانجی سەرەکیم بوو. بۆ ئەوەی هەست بکەم. بۆ ئەوەی جیاوازبم."
 
هارۆڵد و رکابەری سەرسەختی
 
بابەتە بڵاوکراوەکان ئەوە لەخۆدەگرێت کە چۆن لە ساڵی 2019دا لە شەڕێکی تووند دا سەبارەت بە مێگن مارکڵی هاوسەرەکەی، هاری لەلایەن شازادە ویلیامی برا گەورەیەوە هێرشی جەستەیی کراوەتە سەر. هاری پەنجە دەخاتە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ باوکی، شا چارڵسی سێیەم و چۆن ئەو و ویلیام داوایان لە باوکیان کردووە هاوسەرگیری لەگەڵ کامیلا پارکەر نەکات. 
 
هاری، ولیامی براگەورەی بە "برای خۆشەویست و رکابەری سەرسەخت" ناودەبات. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی کە بڕیارە رۆژی دووشەممە بڵاوبکرێتەوە، شازادە هاری دەڵێت: "هەمیشە ئەم پێشبڕکێیە بەشێوەیەکی نامۆ لەنێوانماندا هەبووە".
 
شازادە هاری لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات شەڕەکەی لەگەڵ شازادە ولیام دوای ئەوە هات کە جنێوی بە مێگن داوە و پێیگوتووە "رەزا قوڕس" و "بێ ئەدەب". 
 
رووداوەکەی ساڵی 2019 کە ساڵێک دوای هاوسەرگیریی هاری و مێگن هات، وابڵاوبووەوە کە ولیام ئەوەندە لە برا بچووکەکەی داوە، بە زەویدا کێشاوە. لە کتێبەکەدا هاری دەنووسێت: "ئەو یەخەی منی گرت، زنجیری ملمی پچڕاند و منی بە زەویدا کێشا. من کەوتمە سەر قاپی خواردنی سەگ و قاپەکە لەژێر پشتمدا شکا و پارچەکانی بەنێو پشتمدا چوون". 
 
ئەوکات هاری داوای لە ولیام کردووە وازی لێبێنێت. هاری لە کتێبەکەیدا بەگوێرەی گاردیان، دەڵێت، "ولیام پەشیمان بوو و داوای لێبووردنی کرد". دەشڵێت، ولیام پێیگوتووە "پێویست ناکات ئەمە بە مێگن بڵێیت". 
 
هاری گوتوویەتی: "مەبەستت ئەوەیە پێی نەڵێم کە هێرشت کردووەتە سەرم؟" ولیام وەڵامی داوەتەوە: "من هێرشم نەکردووەتە سەرت، ئەی هارۆڵد." ئەوەش وەکو نازناوێک بۆ برا بچووکەکەی. لای خۆشییەوە هاری ولیام بە "ویلی" بانگ دەکات.  
 
"ژیانێکی سەرگەردان"
 
هاری و مێگنی ئەکتەری پێشووی تەلەڤزیۆنی لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکان و لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی ئەم دواییەی نێتفلێکسیشدا کە شەش بەشە، رەخنەی لە خێزانی هاوژینەکەی گرتووە.
 
بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانی شازادە هاری، لەکاتێکدایە کە چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا مێگن زنجیرەیەک هەڤپەیڤینی دیکە لە بەریتانیا و ئەمریکا بکات.
 
رۆژی 6ـی ئایاری 2023، رێوڕەسمێکی تایبەتی شاهانە بۆ تاج لەسەرنانی شا چارڵسی سێیەم رێکدەخرێت، بەڵام هاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بڵاوبکرێتەوە، دەڵێت، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا ناکات، بەڵام "دەکرێت زۆر شت لەم نێوەندەدا بگۆڕدرێت. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە. شتی زۆر هەن بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێن". 
 
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی گاردیان، لەدوای گیان لەدەستدانی شازادە فلیپی باوکی لە نیسانی 2021دا، شا چارڵز داوای لە کوڕەکانی کردووە ناکۆکیی نێوانیان بەکۆتابێنن و "لێیان پاڕاوەتەوە". شازادە هاری لە کتێبەکەیدا گوتەکانی باوکی دەڵێتەوە: "تکایە، کوڕینە، لە دوا ساڵەکانی ژیانمدا سەرگەردانم نەکەن."