کۆچکردن بۆ ئەوروپا لە 2022 بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو بەرزترینە


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک هاووڵاتیی سووری و لوبنانی چوونەتە بەیرووت و چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکاریانن کە دوای کۆچکردنیان بە نێو دەریای نێوەڕاستدا بۆ ئەوروپا، لەلایەن ئاژانسێکی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رزگارکراون.
 
ئەوان دەڵێن، ژمارەیان 200 کەسە و بەهۆی خراپیی باری ئابووری و دۆخی ناجۆری وڵاتەکەوە کۆچیان کردووە.
 
یاسین، برای یەکێک لە رزگاربووەکانە و دەڵێت، "دەمانەوێت بچینە ئەوروپا، ئیدی ئەڵمانیا، هۆڵەندا یان فەرەنسا بێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان رێز لە مافی مرۆڤ دەگرن، بەڵام لێرە مافی ئاژەڵیش ناپارێزرێت. مادام بۆچی بمێنینەوە، هەر دەڕۆم، ئەمڕۆ بێت، سبەینێ بێت یان دوو مانگی دیکە، بەڵام هەر دەڕۆم."
 
ژمارەی کۆچکردنی نایاسایی خەڵک لە بەشێک لە وڵاتی ئاسیا و باکووری ئەفریقاوە لە 2022، بەراورد بە چوار ساڵی پێشتر بەرزترینە. لە 9 مانگی یەکەمی هەمان ساڵیشدا، نزیکەی 89 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپا کردووە.
 
بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی سنوورەکانی ئەوروپا و پاسەوانی کەناراوەکان کە بە فرۆنتێکس ناسراوە، 170 هەزار پەناخواز بە تێکڕا لە 2022دا بە سێ رێگەی جیاوازدا گەیشتوونەتە ئەوروپا. ئەو ژمارەیە بەراورد بە 2021، 30% زیادیکردووە.
 
لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ کۆتایی 2022، 22 هەزار و 606 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون و 620 هەزار و 771 کەسیش لە مردن رزگارکراون. میسر، تونس، بەنگلادیش، سووریا و جەزائیر پێنج لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کۆچبەری نایاسایی لێیانەوە چووەتە ئەوروپا.
 
یەکێک لەو وڵاتانەی ئامانجی زۆربەی کۆچبەرانە بەریتانیایە، کە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک بۆی دەپەڕنەوە. بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە 2022دا 45 هەزار و 756 کۆچبەر پەڕیونەتەوە ئەو وڵاتە، ئەوەش بەراورد بە 2021، 60٪ زیادیکردووە. بۆیە حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە رێکاری تووندتر بۆ رێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەران بگرێتەبەر.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "ئێمە یاسای نوێ پەسند دەکەین بۆ راگرتنی چوونی کۆچبەران لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئەگەر بەشێوەیەکی نایاسایی بێیتە ئەم وڵاتەوە، ئەوا دەستبەسەر دەکرێن و بەخێرایی دەردەکرێن."
 
جگە لە ناڕەزایەتی هەندێ حکومەت، دانیشتووانی ئەوروپاش لە 2022 ژمارەیەک خۆپێشاندانیان لە دژی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا کردووە. هاووڵاتیان هۆکاری بەشێک لەو هەڵاوسانەی بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای گرتووە بۆ هاتنی کۆچبەر بۆ ئەو کیشوەرە دەگەڕێننەوە.