سیاسەتڤانێکی کورد داوا لە لیۆناردۆ دیکاپریۆ دەکات سەردانی باکووری کوردستان بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆناردۆ ویلھێلم دیکاپریۆ ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی دوای ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی جۆرە ماسییەکی تایبەتی لە پارێزگای ئێلیهـ-ی باکووری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە، یاریدەدەری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی بانگهێشتی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییەی کرد بۆئەوەی سەردانی ئێلیهـ بکات.
 
لیۆناردۆ دیکاپریۆ رۆژی چوارشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2022 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتیی تویتەر هەواڵی دۆزینەوەی ماسیی گەندەخۆری لە ئێلیهـ بڵاوکردەوە.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی کە لەدایکبووی ئێلیهـی باکووری کوردستانە و پێشتر لەسەر لیستی ئاکپارتی پەرلەمانتاری ئەو شارە بوو، هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتیی تویتەر بە هاشتاگی "Come to Batman Leo" بانگهێشتی لیۆناردۆ دیکاپریۆی کرد سەردانی ئێلیهـ بکات.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، "بۆ بینینی ئەو جۆرە ماسییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بینینی خەزێنەی ژینگەی وڵاتەکەمان، خۆشحاڵ دەبین بە پێشوازیکردن و میوانداریکردنتان لە شارەکەماندا".
 
ماسیی گەندەخۆر کە لە ئیلێهـ  بینراوە، یەکێکە لەو 10 جۆر ماسییەی لە جیهاندا خواستی زۆری لەسەرە و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە. ساڵی 1974 لەلایەن پڕۆفیسۆرێکی تورک بەناوی عەلی کەللە لە ئێلیهـ دۆزرایەوە. لەو بەروارەوە ئەو ماسییە دیارنەما و لە کانوونی یەکەمی 2021 و دوای نزیکەی نیو سەدە، جارێکی دیکە لە چەمی باتمان (ئێلیهـ) بینرا.
 

A post shared by Rudaw (@rudaw)