بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا: زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشە لە دیپلۆماسیەت دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر هەنگاوی ئێران بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژەی 20% دەربڕی.
 
ئەو سێ وڵاتە هۆشداری دەدەن کە لەوانەیە بەرزکردنەوەی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ 20% لەلایەن ئێرانەوە وابکات لە ماوەی سەرۆکایەتیی جۆ بایدنیشدا دەرفەت بۆ دیپلۆماسیەت نەمێنێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لە کێڵگەی فۆردۆی ئێران گەیشتووەتە 20%، لەکاتێکدا کە بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، تاران ناتوانێت زیاتر لە رێژەی 3.67% تێپەڕێنێت.
 
بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی تشرینی دووەمی رابردوودا و لە هێرشێکدا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، موحسین فەخری زادە، کە بە باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دادەنرا، کوژرا.
 
بەرلین، پاریس و لەندەن لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن، ئەوان بە "قووڵی نیگەرانن" لەو هەنگاوەی ئێران کە "هیچ پاساوێکی رەوا و ئاشتییانەی نییە و مەترسیی زۆر جیددیی گرێدراو بە چەکی ئەتۆمییەوە لەخۆی دەگرێت و بەڕوونی رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل دەکات".
 
هەروەها باس لەوە دەکەن کە بڕیارەکەی تاران مەترسی دەخاتە سەر ئەو "دەرفەتە گرنگە"ی کە هەیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لە ماوەی ئیدارەی جۆ بایدندا.
 
هەر سێ وڵاتەکە دەشڵێن، "داوا لە ئێران دەکەین، بەبێ دواکەوتن، پیتاندنی یۆرانیۆم بەو رێژە بەرزە رابگرێت؛ پرۆگرامی پیتاندن پێچەوانە بکاتەوە تاوەکو دەگاتەوە ئەو سنوورەی کە لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بۆی دانراوە بۆئەوەی رێگە لە هەر هەنگاوێکی دیکە بگیرێت کە ببێتە هۆی هەڵچوونی دۆخەکە و کەمکردنەوەی بواری دیپلۆماسیەتی کاریگەر".
 
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەر سێ وڵاتەکە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی بۆئەوەی بزانن چۆن "بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی ئێراندا بکەن".
 
دوای ئەو راگەیێندراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە پێکەوە کارکردن و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەشڵێت، "ئەوەش سیاسەتی هەمیشەیی" تاران بووە.
 
هەروەها وەڵامی راگەیێندراوەکەی لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "دژایەتیکردنی سعودیە و هەندێک وڵات بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانمان هیچ مانایەکی نییە و ئەو وڵاتانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتەکەوە نییە". ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەوەی لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداودا هاتووە، تەنیا تۆمەتی ناڕەوای دووبارەن".