پەیامی ترەمپ لەکاتی دۆڕاندنی جۆرجیا: هەڵبژاردنەکەمان لە وڵاتانی جیهانی سێیەم خراپترە

06-01-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دیموکراتەکان هەر دوو کورسییەکەی ویلایەتی جۆرجیایان لە ئەنجوومەنی پیران بردەوە و زۆرینەی ئەنجوومەنەکەیان کەوتەدەست. جۆن ئۆسۆف، بەربژێری دیموکراتەکان سەرکەوتنی خۆی لە بەرامبەر دەیڤد پێردووی، بەربژێری کۆماریەکان راگەیاند.
 
جۆن ئۆسوف 50.2%ی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیای بەدەستهێناوە و بەربژێری کۆمارییەکان 49.8%. پێشتریش بردنەوەی رافایێل وارنۆک، بەربژێرەکەی دیکەی دیموکراتەکان پشتڕاستکرابووەوە.
 
بەمەش دیموکراتەکان دوو کورسیی ویلایەتی جۆرجیایان لە ئەنجوومەنی پیران بردەوە و ژمارەی کورسییەکانیان لە 48 کورسییەوە بوو بە 50 کورسی و لەگەڵ کامڵا هاریس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا 51 ئەندامیان لە ئەنجوومەنی پیران دەبێت و دەبنە زۆرینەی ئەنجوومەنەکە و کۆماریەکان توانای ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکایان نامێنێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک تویتدا داوا لە کۆماریەکان دەکات لە ئەنجوومەنی پیران کە سەرکەوتنی بایدن رەتبکەنەوە و بە مایک پێنسی جێگرەکەشی کە بڕیارە سەرکردایەتیی کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجوومەنەکە بکات، دەڵێت "ئێستا کاتی پیشاندانی ئازایەتییە!"
 
سەرۆکی ئەمریکا لە توێتێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی کۆماری و ئەمریکا پێویستیان بەوەیە ئەو وەکو سەرۆکی وڵاتەکە بمێنێتەوە و باس "لە هێزی ڤیتۆکردن" دەکات کە مەبەست لێی ئەوەیە کۆماریەکان بە زۆرینەی دەنگ دەتوانن سەرکەوتنی جۆ بایدن پەسند نەکەن، بەڵام پێشتر بەشێکی زۆری سیناتۆرە کۆمارییەکان نیازیان بۆ پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن نیشانداوە.
 
هەروەها ترەمپ پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەی بە خراپتر لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەم ناودەبات، کە مەبەست لە وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەو وڵاتانەن کە لەڕووی گەشەی ئابوورییەوە لاوازن، لەنێویاندا سۆماڵ و عێراق.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەمی 2020، دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشیان بردەوە.
 
دوای ئەوەی رافایل وارنۆک، بەربژێری دیموکراتەکان لە ویلایەتی جۆرجیا، یەکەم کورسیی ئەو ویلایەتەی لە ئەنجوومەنی پیران بردەوە، کێلی لیوفلەری کۆماری و رکابەری وارنۆک رەتیکردەوە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردندا بنێت. میدیاکانی ئەمریکا رافایل وارنۆکیان وەکو براوەی یەکەم کورسی دیاریکرد.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بردنەوەی وارنۆک، لیوفلەر قسەی کرد و گوتی، دان بە شکستدا نانێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردنەکە دەباتەوە.
 
هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، کاتێک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا باسی لە ژماردنی دەنگی یاسایی دەکرد، لیوفلەریش هەمان زمانی بەکارهێنا و گوتی چاوەڕێ دەکەین تاوەکو هەموو دەنگێکی دروست و یاسایی ئەژمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.