ترەمپ بەپێچەوانەی دەستوور داوا لە پێنس دەکات هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێنێتەوە

06-01-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-

 رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ مایک پێنس سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات کە تێیدا سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکە دیاریدەکرێت، دۆناڵد ترەمپیش داوا لە پێنس دەکات دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت و ئەنجامی دەنگدانە "ساختەکارییەکە" رەتبکاتەوە، بەڵام بەپێی دەستووری ئەمریکا جێگری سەرۆک ناتوانێت ئەنجامەکان بگۆڕێت.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە جیاوازیی 74 دەنگ لە ئەنجوومەنی هەڵبژێر توانیی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ خۆی یەکلاییبکاتەوە. ئەمڕۆش دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژێر دەگەنە کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجامەکەی رادەگەیێنرێت. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوایەک ئاڕاستەی جێگرەکەی دەکات و دەڵێت: "ئومێدەوارم مایک پێنس هیواکەمان بەدیبهێنێت. دەبێت پێتانی بڵێم.. ئومێدم وایە جێگرە مەزنەکەمان هیواکەمان بەدیبێنێت. ئەو کەسێکی زۆر باشە. بێگومان؛ ئەگەر هیوای ئێمە بەدینەهێنێت، وەکو ئێستا حەزی لێناکەم. بەڵام نەخێر، مایک کەسێکی زۆر باشە".
 
بەپێی دەستووری ئەمریکا جێگری سەرۆک ناتوانێت ئەنجامی دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژێر رەتبکاتەوە، ئەو تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە ئەنجامەکان رابگەیێنێت، بەڵام ترەمپ و بەشێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکان داوا لە پێنس دەکەن "ئەنجوومەنە هەڵبژێرە ساختەکارەکە" هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سێ هەفتە پێش ئێستا ئەنجوومەنی هەڵبژێر بە فەرمی دەنگەکانی خۆیان بە سەرۆکەکەیان دا، بەڵام بەپێی دەستووری ئەمریکا هەنگاوێکی دیکە ماوە کە تێیدا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنرێت، ئەویش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆنگرێسی ئەمریکایە. 
 
مایکڵ لوتین، دادوەری دادگای پێداچوونەوەی سکاڵاکان لەبارەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەڵێت: "مایک پێنس هیچ بژاردەیەکی لەبەردەست نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەنجامەکە رابگەیێنێت" هەروەها دەشڵێت: "دەستوور ئەو دەسەڵاتەی بە جێگری سەرۆک نەداوە کە گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان بکات".
 
بڕیارە لە 20ـی کانوونی دووەم جۆ بایدن بەفەرمی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا وەربگرێت، ئەو لەبارەی داواکارییەکانی ترەمپ بۆ رەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "سەرۆک زیاتر کاتی خۆی بە پڕوزکانەوە و گلەییکردنەوە بەسەردەبات لەبری ئەنجامدانی شتێک دەربارەی کێشەکە. نازانم بۆچی ئەو هێشتا پۆستەکەی دەوێتەوە، کاتێک کە تەنانەت نایەوێت کارەکەشی ئەنجامبدات".
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەردەوام ئەنجامەکانی بە ساختەکاری ناودەبرد و لە چەند ویلایەتێک سکاڵای تۆمارکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی هەموو سکاڵاکانی ترەمپ لەبارەی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، لەلایەن دادگاکانەوە رەتکراونەتەوە، چونکە بەڵگەی پێویستیان نەبووە.
 
لە لایەکی دیکەشەوە هەڵبژاردن لە ویلایەتی جۆرجیا لەسەر دوو کورسی یەکلاییکەرەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەدەچێت، ئەگەر هەر لایەک لە کۆماری و دیموکراتەکان ئەو دوو کورسییە بباتەوە، دەبێتە زۆرینە و دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگ پرسە گرنگ و هەستیارەکان تێپەڕێنێت.
 
تاوەکو ئێستا لە کۆی 100 کورسی ئەنجوومەنی پیران، کۆمارییەکان 50 کورسییان مسۆگەر کردووە و دیموکراتەکانی 48 کورسی. تەنیا ئەنجامی دوو کورسی ماوە رابگەیێنرێت. ئەگەر دیموکراتەکان دوو کورسییەکە ببەنەوە، لەگەڵ ئەو دەنگەی کە کامڵا هاریس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەیەتی، دەبنە 51 دەنگ و زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستدەهێنن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە