پرسیاری رۆژنامەڤانێک لە ئەردۆغان مشتومڕی لە کۆشکی ئێلیزێ دروستکرد
رووداو - هەولێر
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ)، کاژێر و نیوێکی خایاند، پاشان چەند گرێبەستێک لەنێوان شاندی هەردوولا واژۆکران، پرسیاری رۆژنامەڤانێکی فەرەنسیش مشتومڕی لە کۆشکەکە دروستکرد.
لەدوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی ئەردۆغان و ماکرۆن دەستیپێکرد. ئەگەرچی ماکرۆن لە چەند بابەتێکدا هاوڕای تورکیا بوو و وا دەردەکەوت کارەکان بە ئارەزووی ئەنقەرە بەڕێوەدەڕۆن، بەڵام پرسیاری رۆژنامەڤانێکی فەرەنسی پەردەی لەسەر بابەتێک هەڵماڵی.
ئەم رۆژنامەڤانە دوو پرسیاری لە ئەردۆغان کرد و گوتی ''بەڕێز ئەردۆغان، فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر متمانە بە ئێوە دەکەن؟ پرسیارەکەی دیکە؛ لەوەتەی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە، ئایا پەشیمانن لە ناردنی ئەو چەکانە بۆ گرووپە شەڕکەرەکانی ئەوێ؟''.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەو رۆژنامەڤانە پرسیاری لەبارەی متمانەی فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە تورکیا و گەڕانەوەی چەکدارە بیانییەکانی نێو داعش کرد، بەڵام ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر ناردنی چەک کرد. تاڕادەیەک پشێوی دروستبوو.
رەجەب تەییب ئەردۆغان. سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "لە پرسیارەکەتان تێنەگەیشتم، کێ چەکی ناردە سووریا؟ کێ چەکی ناردە سووریا؟''.
رۆژنامەڤانە فەرەنسییەکەش گوتی "بارهەڵگرەکانی هەواڵگریی میت ئەم کارەیان ئەنجامداوە، لەکۆتایی 2013، واتا سەرەتاکانی 2014. بارهەڵگرەکان چەکیان تێدابووە و وێنەیش هەیە".
گفتوگۆی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و رۆژنامەڤانەکە بەردەوام بوو و ئەردۆغان گوتی ''تۆ بە زمانی فەتۆ قسە دەکەیت''. لەبەرامبەردا رۆژنامەڤانەکە گوتی "من وەکو رۆژنامەڤانێک قسەدەکەم، رۆژنامەڤانێکی فەرەنسا''.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکۆتاییدا رایگەیاند ''وەکو فەتۆ قسەدەکەیت، چونکە ئەوانەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان ئەنجامدا، دادوەری فەتۆ بوون و ئێستا لە ژوورەوەن. تۆ کە ئەم پرسیارە بەمشێوەیە لەمن دەکەیت، بۆ پرسیاری 4 هەزار بارهەڵگر چەکی ئەمریکا ناکەیت، کە نێردرایە سووریا! رۆژنامەڤان نیت؟ ئەمانەشت بزانیبا و هەڵوەستەت لەسەر بکردایە. بۆ ئەمە ناکەیت؟".
لەم کاتەدا سەرۆککۆماری فەرەنسا وەڵامی ئەردۆغانی لەمبارەیەوە پوختکردەوە و لەبری ئەردۆغان گوتی واتا نەخێر، بەڵام ماکرۆن بەو وەڵامەی کە خۆی لەبارەی بارهەڵگرەکانی میت دایەوە، سەرسامیی دروستکرد.
ئیمانوێل ماکرۆن گوتی ''واتا وەڵامەکەتان نەخێرە، شتێکی لەمجۆرە نەنێردراوە، وەڵامی منیش لەمبارەوە، بەڵێ، بۆی هەیە. لەگەڵ تورکیا و ناوچەکە لە هاوئاهەنگییەکی باشداربین. من ئەم متمانەیە بە بنەڕەت دادەنێم".
لەگەڵ ئەوەی وێنە لەبارەی ئەوەوە بڵاوبووەتەوە کە حکومەتی تورکیا چەکی بۆ سووریا ناردبێت، بەڵام ئەنقەرە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لەمە دەکات.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار