رووداو- هەولێر
وەزیری دەرەوی ئەمریکا گومانی لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆی ئاستانا لەبارەی سووریا لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا هەیە.
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ساڵانەیدا لە واشتن دی سی پایتەختی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هانی کۆبوونەوەکەی ئاستانا لە بارەی سووریا وەک هەنگاوێک بۆ ئاشتی دەدات "ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە لەبارەی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسەکەی و هەروەها ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا قسەیکردووەو هیواخوازە کۆبوونەوەکە ببێتە هەنگاوێکی گرینگ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا هیوای خواست کە ئاگربەستی ئەمجارەی سووریا کە لەلایەن رووسیا و تورکیاوە بەدیهێنراوە سەرکەوتوو بێت.
ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە جنێڤ رایگەیاند: "سەرەڕای هەبوونی هەندێک پێشێلکاریی بەڵام ئومێدی ئەوە هەیە کە ئاگربەستەکە سەربگرێت. دیمستۆرا رووسیا و تورکیای بە گەرەنتیکەری ئاگربەستەکە ناوبردن و هاوکات باسی لەوە کرد کە ئەمریکاش دەتوانێت رۆڵی ئەرێنیی بگێڕێت".
بڕیارە كۆتایی مانگی یەكی 2017 لە شاری ئاستانای پایتەختی كازاخستان كۆبوونەوەیەك لەنێوان حكومەتی سووریا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەو وڵاتە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سووریا بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ