پۆلیسی ئەمریکا بە تۆمەتی سێکسکردن لەگەڵ تەرمی ئافرەتێک، پیاوێک دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵ دەستگیر دەکات، بە تۆمەتی ئەوەی سێکسی لەگەڵ تەرمی ئافرەتێکدا کردووە.

رۆژی سێشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2023، پۆلیسی شاری فینیکسی سەر بە ویلایەتی ئەریزۆنا لە باشووری رۆژئاوای ئەمریکا، پاسەوانی نەخۆشخانەیەکی ئەو شارەی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی کاتێک لەسەر ئەرکەکەی بووە، چووەتە ژوورێکی دادپزیشکیی نەخۆشخانەکە و سێکسی لەگەڵ تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 79 ساڵ کردووە و لەکاتی سێکسکردنەکەیشدا لەلایەن فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە بینراوە.
 
لە کاتی بینینی دیمەنەکەدا فەرمانبەرانی دادپزیشکیی نەخۆشخانەکە پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە و پۆلیسیش زوو دەگاتە شوێنەکە و راندڵ دەستگیر دەکات.
 
بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس، چەند کارمەندێکی دادپزیشکی نەخۆشخانەکە، راندڵیان لە ژوورێکی دادپزیشکیدا بینیووە کە سێکسی لەگەڵ تەرمێکدا کردووە.
 
کاتێک راندڵ کارمەندەکان دەبینێت، دەشڵەژێت و هەوڵ دەدات تەرمەکە بشارێتەوە و هەڵدێت. کاتێکیش کارمەندەکان دەچنە ژوورەکە دەبینن، تەرمی ئافرەتێک دەرهێنراوە و قایشی رانداڵیش لەسەر تەرمەکە جێهێڵدراوە. 
 
پۆلیس پشکنینی بۆ تەرمەکە کردووە و روون بووەتەوە، سێکسی لەگەڵ کراوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە، ئێستا راندڵ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و بەگوێرەی یاسای ویلایەتیی ئەریزۆناش، هەر کەسێک سێکس لەگەڵ کەسی مردوودا بکات، سزاکەی زیندانیکردنە لەنێوان ساڵێک بۆ چوار ساڵ.