رەئیسی سەردانی مۆسکۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی مۆسکۆ دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی-ئابووری رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023، سەردانی رووسیا بکات.
 
بەپێی میدیای ئێران، سەردانەکەی رەئیسی بۆ مۆسکۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیایە و تەنیا رۆژێک دەخایەنێت.
 
پەیوەندی نێوان هەر دوو وڵات و بە تایبەت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، مژارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت دۆخی فەلەستین و پێشهاتەکانی پەیوەست بە غەززە، سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکانی ئیبراهیم رەئیسی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا دەبێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە حوسێن ئەمیر عەبدۆڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی دەوروبەری دەریای خەزەر، بە سەردانێک لە رووسیایە.
 
هەروەها، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، رۆژێک بەر لەوەی رەئیسی سەردانی رووسیا بکات، ڤلادیمیر پووتین سەردانی سعودیە و ئیمارات بکات. پەرەدان بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی پووتین لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە و ئیمارات دەبن.