ڤلادیمیر پووتین سەردانی سعودیە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی سعودیە و ئیمارات بکات. پەرەدان بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی پووتین لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە و ئیمارات دەبن.
رووسیا و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس
رۆژی سێشەممە 05ی کانوونی یەکەمی 2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا -کرێملن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی چوارشەممە 6-12-2023، ڤلادیمیر پووتین سەردانی هەریەک لە سعودیە و ئیمارات دەکات و لە سەردانەکەیدا جەنگی 59 رۆژەی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات، ئەوە جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن، لەبارەی سەردانەکەی پووتین بۆ ئەو وڵاتانە دەڵێت، "ڤلادیمیر پووتین لە سعودیە بابەتی بازرگانی، سیاسەتی نێودەوڵەتی، دۆخی مرۆیی و هاوکارییەکان لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ دەکات. ڤلادیمیر پووتین لە ئیماراتیش لەگەڵ شێخ محهممهد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە و پرسی بارزگانی، وزە، گەشتیاری و پەروەردەیی تاوتوێ دەکەن".
رووسیا لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا
سێ رۆژ دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، ڤلادیمیر پووتین لەبارەی ئەو جەنگەوە قسەی کرد و رەخنەی لە ئەمریکا گرت.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مۆسکۆ لە 10ی تشرینی یەکەم، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "پێم وایە زۆر کەس لەگەڵم کۆکن کە ئەمە [جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس]، نموونەیەکی زەقی سیاسەتی شکستخواردووی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
شەش رۆژ دواتر پووتین بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و هاوخەمی خۆی پێگەیاند بەرامبەر کوژرانی هەزار و 200 ئیسرائیلی لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماسدا.
دوای 10 رۆژی دیکە شاندێکی حەماس لە مۆسکۆ بوون تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆخی غەززە، ئەوەش ئیسرائیلییەکانی تووڕە کرد.
"قۆستنەوەی دەرفەتی جەنگ"
ناوەندی لێکۆڵینەوەی چاتم هاوسی بەریتانی کە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هەیە، لە راپۆرتێکی شیکاریدا تایبەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی غەززە لەسەر پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تەلئەڤیڤ دەڵێت، "ئەو جەنگە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی رووسیا دەکات، ئەوەش بە کەمکردنەوەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی رووسیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی باشوور، زیانێکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل گەیاندووە".
بەگوێرەی زاراوەی سیاسی، دوو جیهان هەیە؛ جیهانی باکوور و جیهانی باشوور. جیهانی باشوور ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە باری ئابوورییان ناسەقامگیرە و خاوەنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو نین و بەشی زۆری وڵاتانی کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای باشوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، بەڵام بێ ئیسرائیل، ژاپۆن و کۆریای باشوور.
لەو راپۆرتە شیکارییەی چاتم هاوسدا هاتووە، جەنگی غەززە لەکاتێکی گونجاودا بۆ رووسیا هاتووە و ئاماژە بەوەکراوە، "جەنگی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندی مۆسکۆدایە، بەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ دژبەرانی رووسیای کەمکردووەتەوە و هەروەها جموجووڵە هەراسانکارەکانی خۆیشی شاردووەتەوە".
"رووسیا و ئیسرائیل؛ دۆستی کۆن و نەیاری نوێ"
لە درێژەی راپۆرتە شیکارییەکەی چاتم هاوسدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی جەنگی غەززە خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە ناوچەکەدا کردووە، لە هەمان کاتدا زیانیشی بە پێگەکەی لە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین گەیاندووە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە، "ئەو جەنگە کۆتایی بەو سیاسەتە دوورودرێژەی رووسیا هێنا کە هاوسەنگییەکی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی دروستکردبوو. جەنگی ئۆکراینایش رووسیای زیاتر لە ئێران نزیک کردەوە و ئەمەش وایکردووە ئێستا تەلئەڤیڤ زیاتر مۆسکۆ بە هاوپەیمانی ئێران و حەماس ببینێت".