رووداو دیجیتاڵ
سوپای رووسیا دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زۆر دەچنە ئاسمانی ئەو ناوچەیەی سووریا کە لە لایەن رووسیاوە چاودێری دەکرێت و باس لەوە دەکات، تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 200 جار ئەو سنوورە بەزێندراوە.
رۆژی سێشەممە 05ی کانوونی دووەمی 2023، ڤەدیم کولیت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا بۆ سووریا کە ناوەندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە رایگەیاند، تەنیا رۆژی یەکشەممە 3-12-2023، فڕۆکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، شەش جار ئاسمانی سنووری چاودێریکراویان لە لایەن رووسیاوە لە نزیک تەنەف لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا بەزاندووە.
ئەو فەرماندە رووسییە دەڵێت، لە رێگەی فڕۆکەی ئێف 15ی ئەمریکی، فڕۆکەی رافایلی فەرەنسی و چەندین جۆری درۆنەوە "ئەو پێشێلکاریانە کراون".
رووسیا و ئەمریکا و ئیسرائیل، میکانیزمێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لە سووریا هەیە، لەسەر ئەو بنچینەیەش هیچ کامیان هێرش ناکاتە سەر ئەوی دیکەیان، سەرەڕای ئەوەی رووسیا و ئەمریکا لەپرسی سووریادا لە بەرەی دژی یەکدیدان.
ڤەدیم کولیت رەخنە لە مامەڵەی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێت و دەڵێت، "فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژە تیرۆریستان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە دروستکردنی دۆخی مەترسیدار بەردەوامن و دەکرێت ئەو دۆخەش پێکدادانی ئاسمانی و تێکچوونی دۆخی ئاسمانی سووریای لێبکەوێتەوە".
ئەو فەرماندەیەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش 206 جار سنووری ئاسمانیی ئەو ناوچانەی سووریایان پێشێلکردووە کە نابێت بچنە نێوی و 43 جار لەوانیش لە نزیک تەنەف بوون.
بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکا لە تەنەف هەیە کە ناوچەیەکە کەوتووەتە سەر سنووری عێراق و ئوردن.
ئەم تۆمەتانەی رووسیا لەکاتێکدان، ئەم هاوینە ئەمریکا چەندینجار سوپای رووسیای لە سووریا بەوە تۆمەتبار کرد کە لە رێگەی درۆن و فڕۆکە جەنگییەکانییەوە سوپای ئەمریکای هەراسانکردووە.
تەممووزی ئەم ساڵ، ئەلێکسس گرینکیوچ، فەرماندە لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند، فرۆکەکانی رووسیا درۆنە ئەمریکییەکان "هەراسان دەکەن" کە لە ئەرکدان بۆ دۆزینەوە و لەنێوبردنی چەکدارانی داعش.
گرینکیوچ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارەی هێزی ئاسمانیی رووسیا "ناسەلامەت و ناپرۆفێشناڵ"ـە و ئەو پێشێلکاریانەش "نەک تەنیا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بەڵکو فڕۆکەکانی رووسیاش دەخەنە مەترسییەوە".
ئەمریکا لە ئەیلوولی ساڵی 2014 دەستی بە یارمەتیدانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و دواتریش ئەو یارمەتییە بەردەوام بوو، ئەوەش کاتێک هەسەدە لە ساڵی 2015 دامەزرا. واشنتن دەڵێت، ئامانجی لەو ئەرکەی بریتییە لە لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش. ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و تەنەف هەیە.
هەرچی رووسیایە هاوپەیمانێکی گەورەی حکومەتی سووریایە و دەستوەردانە سەربازییەکەیشی لە کۆتایی ساڵی 2015دا یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی سوپای ئەسەد بەشێکی زۆری خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ