لە گوندەکەی دایکی کامالا هاریس لە هیندستان نوێژ و نزا بۆ سەرکەوتنی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەرستگەیەکی گوندی تولاسەندرەپورەم لە باشووری هیندستان ژمارەیەک هاووڵاتی نوێژ و نزای سەرکەوتن بۆ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن.
 
ئەرولمۆژی، هاووڵاتی دەڵێت، "پێشتر لەم گوندە رێگە نەدەدرا ژنان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، ئێستا ژنێکی گوندەکەمان نزیکە لەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا. ئەمە خۆشییەکی زۆرە بۆ ئێمە. نازانم چۆن خۆشییەکانم دەربڕم."
 
کامالا هاریسی 60 ساڵ لە دایکێکی هیندی و باوکێکی جامایکیی کۆچبەر لە ئەمریکا لەدایکبووە. باپیرە گەورەی هاریس پێش 100 ساڵ لەو گوندە کە 14 هەزار کیلۆمەتر لە واشنتن دیسییەوە دوورە، لەدایکبووە. 
 
شەقام، دووکان و ناوچەکانی گوندەکەی هیندستان بە وێنەکانی کامالا رازێندراونەتەوە. ناتاراجان، پیاوی ئاینی دەڵێت، "نەوەی یەکێکی ئەم گوندە بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا. سەرکەوتنی، دڵخۆشمان دەکات."
 
مانیکاندان گانسان، فرۆشیار ئاماژە بەوە دەکات، "سەرکەوتنی ئەو، سەرچاوەیەکی گەورەی دڵخۆشیمان دەبێت. ئەگەر ئاماژە بە سەردانیکردنی گوندەکەشمان بکات، ئەوە دڵخۆشتر دەبین."
 
ئەمڕۆ سێشەممە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. 164 ملیۆن کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە و کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.