گرنگترین هەڵبژاردنی 164 ساڵی رابردووی ئەمریکا؛ شەڕی نێوخۆ هەڵدەگیرسێت؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا بە گرنگترینی 164 ساڵی رابردوو دادەنرێت؛ لەلایەک بۆ نێوخۆی ئەمریکا و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ تەواوی جیهان. کۆشکی سپی ئەو ناوەندەیە کە بڕیارگەلێکی گرنگی جیهانی تێدا دەدرێت و بە واژۆیەکی سەرۆک دەکرێت جەنگ هەڵبگیرسێت یاخود کۆتایی بە جەنگێک بهێندرێت.
ئێستا شەڕەکە کەوتووەتە نێو خودی کۆشکی سپییەوە، بەڵام شەڕی دەستەویەخە نا، بەڵکو شەڕی بردنەوەی کورسیی دەسەڵات. هەر کەسێک ئەو شەڕە بباتەوە، دەبێتە سەرۆکی پڕهەژموونترین وڵاتی جیهان.
چۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆک؛ تێگەیشتنێکی ئاسان
رۆژی 5ـی نۆڤێمبەری 2024، هاووڵاتییانی ئەمریکا چوونە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەیان هەڵبژێرن؛ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەربژێری کۆمارییەکانە و کامالا هاریسی جێگری ئێستای سەرۆکی ئەمریکا بەربژێری دیموکراتەکانە.
لە ئەمریکا شتێک هەیە پێی دەگوترێت کۆلێژی هەڵبژاردن، بە کوردییەکەی دەکرێت بڵێین کۆمەڵەی هەڵبژاردن چونکە کۆلێژ نییە. ئەم کۆمەڵەیە لە 538 ئەندام پێکدێت کە بەپێی ژمارەی دانیشتووانەکەی، بەسەر 50 ویلایەتی ئەمریکا دا دابەش بوون.
هەر ویلایەتێک چەند ئەندامێکی هەیە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەی و کۆی ئەندامان (خاڵ)ی ویلایەتەکان 538 خاڵە.
ویلایەتی کالیفۆرنیا زۆرترین خاڵی هەیە کە 54 خاڵە. ئەگەر ترەمپ یان هاریس زۆرترین دەنگ لەو ویلایەتە بەدەستبهێنێت، تەواوی خاڵەکانی ئەو ویلایەتە بۆ ئەو بەربژێرە دەچن. تێکساس 40 خاڵی لەسەرە و بۆ ویلایەتەکانی دیکەش هەر یەکە و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، پێویستی بە بەدەستهێنانی 270 خاڵە (نەک دەنگ). واتە نیوە + یەکی تەواوی خاڵەکان بۆ کێ بن ئەو دەبێتە سەرۆک.
لێرە دا چەند خاڵێک دەخەینەڕوو کە بۆچی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا لە ساڵی 1860ـەوە گرنگترینە لە مێژووی وڵاتەکە دا.
یەکەم خانمە سەرۆک
لە ئەگەری بردنەوەی، کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان دەبێتە یەکەم ژن پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەربگرێت. هاوکات دەبێتە یەکەم کەسی بە بنەچە ئەفریقی – ئاسیایی لەو پۆستە دا و دەبێتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا.
یەکەمین ژن کە لەو پۆستە نزیکبێتەوە، هیلاری کلینتنی هاوژینی بیڵ کلینتنی 42ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو. ساڵی 2016 بۆ دیموکراتەکان چووە کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە و هەڵبژاردنەکەی بە دۆناڵد ترەمپ دۆڕاند.
دوو خولی دابڕاوی سەرۆکایەتی
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکە بباتەوە، دەبێتە دووەم سەرۆکی ئەمریکا کە بۆ ماوەی دوو خولی دابڕاو ئەو پۆستە وەردەگرێت. واتە دوو خولی وەرگرتووە بەڵام بەسەریەکەوە نا، بەڵکو خولێک سەرۆک بووە، خولی دواتر دابڕاوە و خولی سێیەم دیسانەوە بووەتەوە سەرۆک.
ئەوەش دەبێتە پێشهاتێکی دەگمەن لە سیاسەتی ئەمریکا دا. یەکەم سەرۆک بەو شێوەیە دوو خولی سەرۆکایەتیی وەرگرتبێت گرۆڤەر کلیڤلاند بوو کە ساڵانی 1885 بۆ ساڵی 1889 و ساڵانی 1893 بۆ 1897، 22یەمین و 24ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە.
سەرۆکێکی تۆمەتبار
ترەمپ لەسەر ئاستی فیدراڵی و ویلایەتەکان بە چەند کەیسێکی تاوانکاری و ئابڕووبەرانە تۆمەتبار دەکرێت. لە ئەگەری بردنەوەی، دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە پێشینەیەکی تاوانکاریی لەم جۆرەی هەبێت. ئەوەش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر سیستمی یاسایی و سیاسیی ئەو وڵاتە.
دیارترینی ئەو تۆمەتانەش، دۆناڵد ترەمپ بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس تۆمەتبار دەکرێت. جگە لەوەش بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرتیلی بە ژنێکی فیلمی رووت داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ خۆی نەدرکێنێت.
یەکەم بەربژێری کشاوە
جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان بوو و ویستی بۆ خولی دووەم خۆی هەڵبژێرێتەوە.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ کە بەهۆی هەڵسوکەوتە نامۆکانییەوە تەندروستیی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، رۆژی 21ـی تەممووز بڕیاری کشانەوەی دا و دەستبەرداری ئەو خواستەی بوو. ئەوەش رووداوێکی دەگمەنە لە مێژووی سیاسەتی ئەمریکا دا کە بەربژێرێک لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بکشێتەوە.
هەڵبژاردنێکی جیهانی
راستە تەنیا هەڵگرانی رەگەزنامەی ئەمریکی دەتوانن لەم هەڵبژاردنە دا دەنگ بدەن، بەڵام هەر ئەمریکییەکان نین کە نیگەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتین و بەلایانەوە گرنگە، بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە زۆربەی پارچەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەمووان بە چاوی گرنگییەوە لێی دەڕوانن.
لە لایەک گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین (جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە، لوبنان، یەمەن و ئێران)، لەلایەکی دیکەشەوە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا. ئەمە بێجگە لە تایوان و ئەگەری جەنگ لەگەڵ چین. هۆکاری گرنگیی هەڵبژاردنەکە لەسەر ئەم جەنگانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا هەژموونێکی دیاری بەسەر لایەنێکی جەنگی هەموو ئەو ناوچانە دا هەیە.
ئەگەری رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و شەڕی نێوخۆ
بەگوێرەی پێگەی وۆڵرووس و فۆرێن پۆڵیسیی ئەمریکی، لە رووی مێژووییەوە، ئەو هەلومەرجەی لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەمریکا دا هەیە هاوشێوەی ئەو هەلومەرجەیە کە لە هەڵبژاردنی ساكی 1860 دا هەبوو.
ئەو پێشهاتانەی لەو سەردەمە دا هەبوون وایان کرد جەنگێکی درێژخایەنی نێوخۆیی لە ئەمریکا هەڵبگیرسێت.
هاوشێوەیە ئەوکاتە، ململانێیەکی تووندی سیاسی لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکی دا لە ئارادایە، کۆمارییە پارێزگارەکان (نەریتخوازەکان) هەڵگری گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی تووندن و لە ئەگەری دەرنەچوونی ترەمپ چاوەڕێی کاردانەوەی تووند دەکرێت.
ئەو هۆشدارییانەی کە دەدرێن هەر لە خۆیەوە نییە؛ بەڵکو پێشینەیان هەیە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 دا دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم خۆی بەربژێر کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. رۆژی 6-1-2021 کاتێک کۆنگرێس ئەنجامی کۆتایی پەسند کرد، بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەڵبژاردنی بردەوە.
ترەمپ ئەنجامەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند ساختەکاری کراوە؛ داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان. لایەنگرانی هەڵیانکوتایە باڵەخانەی کاپیتۆڵ کە کۆنگرێسی ئەمریکا (ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران)ـی لێیە بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران رابگرن و نەهێڵن سەرکەوتنی بایدن پەسەند بکرێت.
شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو و لە رووداوەکان دا چوار کەس کوژران.
ئەوەش هەر وا بە ئاسانی بەسەر ترەمپ دا تێنەپەڕی؛ مانگی ئابی 2023 چوار تۆمەتی نوێ ئاراستەی کران کە دووانیان هەوڵدان بوون بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020.
تۆمەتەکانی دیکە بریتی بوون لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریکردن لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسەوە لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.