فیدراسیۆنی وردەفرۆشانی ئەمریکا: پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ هەڵاوسانی دوو ژمارەیی دروستدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نیشتمانیی وردەفرۆشیی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات؛ سیاسەتەکانی ترەمپ لەسەر بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵای بیانی، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان لە نێوخۆی ئەمریکا دا.
فیدراسیۆنەکە بەتایبەتی ئاماژە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی جلوبەرگ، یاریی منداڵان، مۆبیلیات و کەرەستەی کارەبایی نێو ماڵ دەکات.
ئەم راپۆرتە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، کە بووەتە هۆی نیگەرانبوونی بازرگانان و پیشەسازییەکان لە ئەمریکا.
بەپێی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەم هەڵبژاردنە دا، ئەگەر ئەو ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا بە رێژەی 10٪ تاوەکو 20٪، باج لەسەر کاڵای هاوردەکراو لە هەموو وڵاتێکەوە زیاد دەکات.
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوە داوە؛ پێناسی گومرگی لەسەر کاڵای چینی بەڕێژەی 60٪ تاوەکو 100٪ بەرزدەکاتەوە.
فیدراسیۆنی نیشتمانیی وردەفرۆشانی ئەمریکا دەڵێت؛ ئەگەر ئەو پێناسە گومرگییانە جێبەجێبکرێن، رێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبنە دوو ژمارەیی؛ بۆ نموونە نرخی جلوبەرگ بە رێژەی 12.5٪ تاوەکو 20٪ بەرزدەبێتەوە.
بە واتایەکی دیکە ئەگەر جینز (کابۆ)ـێک ئێستا نرخەکەی 80 دۆلار بێت، دوای جێبەجێکردنی پێناسی گومرگیی پێشنیازکراوی ترەمپ، نرخەکەی بۆ 90 تاوەکو 96 دۆلار بەرزدەبێتەوە، هەروەها چاکەتێک ئەگەر نرخەکەی ئێستای لە ئەمریکا 100 دۆلار بێت، بۆ 112 تاوەکو 121 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
ئەم نرخە نوێیانە بەپێی فیدراسیۆنەکە گوشاری زۆر بۆ گیرفانی خێزانی ئەمریکی دروستدەکەن.
فیدراسیۆنی نیشتمانیی وردەفرۆشیی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخ، لە یاریی منداڵان دروست دەبێت، کە بەڕێژەی 36.3٪ تاوەکو 55.8٪ دەبێت.
بەپێی فیدراسیۆنی وردەفرۆشانی ئەمریکا، دانانی پێناسە گومرکییەکانی ترەمپ، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خەرجیی بەکاربەر لە ئەمریکا کەمبێتەوە. لەسەر ئاستی ئەو وڵاتەشدا بە بڕی 46 ملیار دۆلار توانای کڕینی هاووڵاتیان کەمدەکاتەوە.
کۆمارییەکان بەگشتی و دۆناڵد ترەمپ بەتایبەتی، بەوە ناسراون سیاسەتە ئابوورییەکانیان بەرەو ئاراستەی پارێزگاریکردنە (پرۆتێکتشنیزم). ئەو ئاراستەیەی هەوڵدەدات لەڕێگەی دانانی باج و پێناسی گومرگیی قورس لەسەر بەرهەمی هاوردە، پاڵپشتی لە بەرهەمی نێوخۆ بکات.
ترەمپ لەو چوارچێوەیەدا رایگەیاندووە؛ باجی سەر کۆمپانیاکانیش لە نزیکەی 21٪ـی ئێستاوە بۆ 15٪ کەمدەکاتەوە، تاوەکو پاڵپشتی زیاتری کۆمپانیای نێوخۆیی لەبەرامبەر کۆمپانیای بیانی بکات.
ترەمپ هەروەها لەماوەی سەرۆکایەتیی و بانگەشەی سەرۆکایەتییەکەشی دا، بەردەوام هەڕەشەی لەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کردووە، کە کارگەکانیان لە دەرەوەی ئەمریکایە بۆ ئەوەی کارگەکانیان لە نێوخۆی ئەمریکا بەهێز بکەن تاوەکو هەلیکاری زیاتر بڕەخسێنن.