بەنێوبانگترین گەوهەر و خشڵەکان لە جنێڤ دەخرێنە مەزادەوە

05-11-2023
ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس لە مەزادخانەی کریستی لە جنێڤ
ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس لە مەزادخانەی کریستی لە جنێڤ
نیشانەکردن جنێف سویسرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، ئەم هەفتەیە بەنێوبانگترین گەوهەر و خشڵەکانی جیهان دەخرێنە مەزادەوە و یەکێک لەوانە، ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماسە کە لە 17.61 قیرات ئەڵماس دروستکراوە و رەنگێکی شین و درەوشاوەی هەیە.
 
لەگەڵ بینینی ئەنگوستیلەکە، رەنگە پرسیاری ئەوە دروست بێت کە نرخەکەی چەندە. مەزادخانەی کریستی نمایشی کردووە و دەڵێت، نرخەکەی تاوەکو 39 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەڕوات.
 
مەکس فاوسێت، بەڕێوەبەری بەشی گەوهەر و خشڵ لە مەزادخانەی کریستی جنێڤ دەڵێت، "ئەمە گەورەترین پارچە ئەڵماسی شینی درەوشاوە و پوختەی جیهانە، کە بۆ یەکەمجار دەخرێتە مەزادەوە. شێوەی لە هەرمێ دەچێت و ئەڵماسی بریلیانە. شینێکی درەشاوەیە. ئەوەش بەرزترین کوالیتیی رەنگە کە تاوەکو ئێستا پەیمانگەی گەوهەرناسی ئەمریکا بە پارچە گەوهەرێکی داوە. نرخەکەی بە 35 ملیۆن فرانک مەزەندە دەکرێت. یەکێک لە گرانترین پارچە گەوهەرەکانە کە تاوەکو ئێستا مەزادکراوە، بەڕاستیش بەرهەمێکی سەرسووڕهێنەری سرووشتە."
 
جگە لەو پارچە گەوهەرە نایابە، مەزادخانەی کریستی چەندین کاژێری نایابی خستووەتەڕوو کە هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان لە پشتە.
 
یەکێک لە کاژێرە نایابەکانی کۆمپانیای رۆلێکس لە دەستی مارلۆن براندۆ ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی بووە. براندۆ کاژێرە بەناوبانگەکەی لە ساڵی 1995 بە دیاری داوەتە کچەکەی. لە ساڵی 2019 ئەو کاژێرە بە دوو ملیۆن دۆلار فرۆشرا و ئێستا کریستی مەزادی کردووە.
 
ئێلی فایۆن، شارەزای بواری کاژێرە لەسەر ئەو کاژێرە گوتی، "ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەم کاژێرە هی مارلۆن براندۆ بووە. کاژێرەکە ژمارەی 1675ـی ئەڵقەی دەوری نەماوە. چیرۆکەکەش ئەوەیە کاتێک سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمی (ئەپۆکلیپس) بوون، نیگەران بوون کە کاژێرەکە نیگای بینەر زۆر بەلای خۆیدا رابکێشێت، بە مارلۆن براندۆ دەڵێن کاژێرەکە لە دەست نەکات. ئەویش بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەستی بکات خۆی بە دەستی خۆی ئەڵقەی کاژێرەکە هەڵدەکەنێت. کاتێک چاو لە پشتی کاژێرەکە دەکەیت مارلۆن براندۆ بەدەستی خۆی واژۆی لەسەر نەخشاندووە."
 
پێشبینی دەکرێت، نرخی کاژێرەکەی مارلۆن براندۆ تاوەکو 2.2 ملیۆن دۆلار بێت. لەلایەکی دیکەش، کۆمەڵە براندی کارتییە نمایش کراون، کە یەکێکیان سەرنجی سەردانیکەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، تاجێکی ئەڵماسە کە سێ گوڵی لەسەرە و هەریەک لە گوڵەکان دەکرێت جیابکرێنەوە و وەک گوڵی یەخە بەکاربهێنرێن.
 
ملوانکەیەکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئۆدری هەپبێرن، ئەکتەری بەنێوبانگی بەریتانی کە لە یاقووت و مرواری درووستکراوە و مەزەندە دەکرێت بە 720 هەزار دۆلار بفرۆشرێت.
 
هەرچەندە شەڕ و نادڵنیایی باڵی کێشاوە بەسەر بازاڕەکاندا، بەڵام کەلوپەلە نایابەکان کڕیاری خۆیان هەیە.
 
مەکس فاوسێت، بەڕێوەبەری بەشی گەوهەر و خشڵ لە مەزادخانەی کریستی جنێڤ، گوتیشی، "بە بڕوای من 2023 ساڵێکی سەخت بوو، چەندین هۆکار بۆ ئەوە هەیە. کێشە جیۆسیاسییەکانی ئێستا هەن کە لەگەڵ شەڕی ئۆکراینا و رووسیا دەستیان پێکرد. ئێستا کە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەری هەڵداوە. ئەمە کاریگەری لەسەر دڵنیایی بازاڕ هەبووە، بەڵام ئەوەی کە لە 2023دا بینیمان لە 2020یشدا و لە نێوەڕاستی پەتای کۆرۆنادا بینیمان. تەنانەت لەم کاتە سەختانەشدا بەردەوام خواست هەیە بۆ شتە دەگمەن و نایابەکان."
 
بڕیارە مەزادەکەی کریستی تاوەکو 21ـی تشرینی دووەمی 2023 بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە