لە مەغریب دەست بەسەر 2 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی مەغریب دەست بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا دەگرن، کە هەوڵدراوە بەقاچاخ بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ببرێن. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 4ـی تشرینی دووەمی 2022  پۆلیسی مەغریب لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە بەندەری تەنجەی نێوەڕاست، کە دەکەوێتە باکووری وڵاتەکە، دەستیان بەسەر دوو ملیۆن و 18 هەزار و 500 حەبی کاپتاگۆندا گرتووە. 
 
پۆلیسی وڵاتەکە گوتیشی، حەبەکان لەنێو کۆنتێنەرێکی شتومەکدا شاردراونەتەوە و لە رێگەی کەشتییەکەوە "لە لوبنانەوە بەڕێکەوتووە و ویستوویەتی بچێتە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بکات. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، لەدوای پرۆسەیەکی گەڕان، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک حەبی کۆپتاگۆندا گرتووە کە "لەنێو چەند بەرمیلێکدا شاردرابوونەوە". هاوکات لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی بەقاچاخبردنی حەبەکان دەستیپێکردووە.  
 
کاپتاگۆن ئەمفیتامینێکە و لە دەرمانێکی خەو دەردەهێندرێت، کە ئەو مادەیە پێشتر یاسایی بوو. کاپتاگۆن ئێستا بووەتە هۆشبەرێکی بەربڵاو لە وڵاتانی کەنداو، سعودیەش گەورەترین بازاڕیەتی.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 400 ملیۆن حەب لە ساڵی 2021 لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیە دەستیان بەسەردا گیرابوو و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاتریش بێت.
 
بەرپرسانی گومرگ و بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر باس لەوە دەکەن، لە بەرامبەر هەر بڕە مادەیەک کە دەستی بەسەردا دەگیرێت، 9 بڕە مادە دەربازیان دەبێت و دەگەنە شوێنی مەبەستی قاچاخچییەکان.
 
ئەو مادەیە سووریای کردووەتە گەورەترین وڵاتی خاوەن سەرمایەگوزاریی مادە هۆشبەرەکان و مادەکە لە لوبنانی دراوسێش رەگەکانی چەقاندووە، لە کاتێکدا کە ئابوورییەکەی داڕماوە.
 
سووریا کە سەرچاوەی 80%ی کۆی هەموو کاپتاگۆنی جیهانە، بەگوێرەی فەرمانگە ئەمنییەکان، قەبارە بازرگانییەکەی لانیکەم سێ هێندەی تەواوی بودجەی ئەو وڵاتەیە.