هەڵاوسان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئیتاڵیا هەڕەشە لە خلیسکێنەی سەر بەفر دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

20 ساڵ لەمەوبەر و لەگەڵ ساردبوونی هەوا، ناوچەیەکی شاخاویی کۆرتینای باکووری ئیتاڵیا هێندە بەفری تێدا بوو کە هەزاران هەواداری خلیسکێنەی سەر بەفر سەردانی ناوچەکەیان دەکرد، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئێستا هێندە بەفری تێدا نەماوە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا، هەوای گەرم کردووە و هەڕەشەش لەو وەرزشە تەمەن دەیان سەتەیە دەکات. سیلڤیریۆ، چالاکڤانی سیڤیل دەڵێت، "تێکڕای پلەکانی گەرما بە نزیکەی 1.1 پلە بەرزبوونەتەوە؛ بەڵام لە هەندێک شوێن لەوانەیە دوو پلەش بەرزبووبێتەوە. چەند ساڵێكە بەفری دەستکرد دروست دەکەین، بەڵام ئەگەر هەوا بەم جۆرە گەرم بێت، بەفرە دەستکردەکەش سوودی نابێت."
 
جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، شەڕی ئۆکراینا و بەرزیی نرخی سووتەمەنی ئابووریی وڵاتانی جیهانی رووبەڕووی هەڵاوسان کردووەتەوە و لە ئیتاڵیا گەیشتووەتە نزیکەی 12%. ئەوەش وادەکات نرخی بلیتی تەلەفریکەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە 60 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 150 دۆلار زیاتر ببێت.
 
لۆرێنزی، سەرۆکی شارەوانیی کۆرتینا هیواخوازە حکومەتی نوێی ئیتاڵیا بەرنامەکانی بخاتەگەڕ و نرخی سووتەمەنی دابەزێنێت، "بەو جۆرەش دەتوانین هەناسەیەک بدەینە خلیسکێنەی بەفر و لە سستی رزگاری بکەین."
 
لە سەرانسەری ئیتاڵیا زیاتر لە 900 کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کەرەستەی وەرزشی هەن، نزیکەی 200یان تایبەتن بە وەرزشی خلیسکێنەی سەر بەفر. سەرەڕای هەموو پلان و ئامادەکارییەکان، هێشتا پێشبینیی وەرزێكی تەواو سارد و سڕ دەکرێت.