05-11-2020
16:21
ئەڵمانییەکان جۆ بایدنیان پێباشترە
هێشتا پێنج ویلایەت یەکلایی نەبوونەتەوە، ترەمپ لە چوار ویلایەتیان لەپێشە
بەشێکی زۆری خەڵکی ئەڵمانیا پشتیوانی لە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن. خەڵکی بەرلینی پایتەختی ئەو وڵاتە پێیانوایە بایدن دەتوانێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەوروپاش هەبێت، ترسیشیان لەوەیە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا بەرەو خراپتر ببات.
ئەوانەشی کە حەزیان بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بوو لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەنجامە سەرەتاییەکاندا ناڕازین.
بایدن لە سەرکەوتن نزیکە و ترەمپ لەبارەی ژماردنی دەنگەکان لە چەند ویلایەتێک سکاڵای تۆمارکردووە.
نیکۆڵ راتکەر دانیشتووی بەرلینە و دەڵێت "بێگومان مەترسییەکی گەورە هەیە کە لەوانەیە شتێک رووبدات ببێتە هۆی گرژی و شەڕی ناوخۆیی و شتی لەو جۆرە، بەڵام خەڵک پێی خۆشە بایدن بیباتەوە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا بینیمان هەڵبژاردنی ترەمپ کاریگەریی خراپی لەسەر جیهان هەبووە".
هێشتا پێنج ویلایەت یەکلایی نەبوونەتەوە، ترەمپ لە چوار ویلایەتیان لەپێشە و پێویستی بەوەیە هەر پێنج ویلایەتەکە بباتەوە.
مۆریتز شڤارز دانیشتووی بەرلینە و ئاماژە بەوە دەکات "پێمخۆشە ترەمپ بیباتەوە، بەڵام بڕواناکەم. ئێستاش بەداخەوە، وەکو دۆڕاوێکی خراپ رووخسارێکی جوانی نیشان نەدا، ئەمە مایەی شەرمەزاری بوو بۆ ئەو".
بایدن پێویستی بە تەنیا یەک ویلایەتە، لە ویلایەتی نیڤادا پێشکەتووە و نیڤادا دەبێتە یەکلاییکەرەوە بۆ بایدن.
هاووڵاتییەکی دیکەی بەرلین بەناوی بێنت شۆڵز گوتی "راستییەکەی من هیوام وایە بایدن براوەبێت، چونکە هەستدەکەم ترەمپ و ئەو شێوازەی کاری پێدەکات زۆر باش نەبوو. بایدن ئامانجی یەکخستنەوەی وڵاتەکەیەتی. هیچ ئەنجامێکیش من تووشی سەرسامی ناکات، بەڵام ترسیشم لەوە هەبوو ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرێت".
11:54
لە ویلایەتی جۆرجیا دەنگەکانی بایدن لە ترەمپ نزیکدەبنەوە
لە ویلایەتی جۆرجیا دەنگەکانی بایدن لە ترەمپ نزیکدەبنەوە
جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا هێشتا بەردەوامە. ئێستا ئەو ویلایەتەش بەهۆی نزیکبوونەوەی دەنگی هەردوو بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەوە، بووەتە یەکێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان.
هەرچەندە لە کاژێرەکانی سەرەتای جیاکردنەوەی دەنگەکاندا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر پێش رکابەرە دیموکراتەکەی کەوتبوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەی لە رێگەی پۆستەوە دراون، بایدن وردە وردە نزیک دەبێتەوە و ئێستا کێبرکێی تووند لەسەر بردنەوەی دەنگی ئەو ویلایەتەش دەستیپێکردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان سەبارەت بە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو ویلایەتە، ترەمپ بە کەمتر لە 27 هەزار درەنگ لە پێش بایدنەوەیە. بەمەش ترەمپ 49.9% و بایدن 49.2%ی دەنگی ئەو ویلایەتەیان بەدەستهێناوە، چاوەڕێشدەکرێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری لە ئەنجامی دەنگەکان رووبدات.
براد رافنسپرێگە، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا رایگەیاندووە لە هەندێک ناوچەی ئەو ویلایەتە نزیکەی 100 هەزار دەنگ ماون، جیابکرێنەوە و ئەژمار بکرێن. بۆیە ژماردنی ئەو دەنگانەش لەوانەیە گۆڕانکاری دروست بکات.
پێشتر هەردوو ویلایەتی میشیگن و ویسکنسن کە لە کاژێرەکانی سەرەتا وا دەردەکەوتن بۆ ترەمپ یەکلایی بووبنەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت جۆ بایدن دەنگی هەردوو ویلایەتەکەی بەدەستهێناوە.
هەردوو بەربژێرەکە لە کێبڕکێیەکی تووندی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆشکی سپیدان، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی جۆ بایدن پێویستی بە تەنیا شەش دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی، ترەمیش هەرچەندە پێویستی بە 56 دەنگی دیکەی ئەنجوومەنەکەیە، بەڵام تاڕاددەیەک دەنگی ویلایەتەکانی پنسلڤانیا، نۆرس کارۆلاینای یەکلایی کردووەتەوە و لە ویلایەتی جۆرجیاش لە پێش بایدنەوەیە.
10:56
هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا یەکلایی نەبووەتەوە، کۆمارییەکان لە هەرسێ ویلایەتی پێنسلڤانیا، میشگن و جۆرجیا سکاڵا تۆماردەکەن، دەڵێن "ساختەکاریی کراوە و دەنگمان دزراون".
رودی جوولیانی، پارێزەری ترەمپ دوای ئەوەی کۆمارییەکان لە هەندێ ویلایەت پاشکەوتن، رەخنەی تووندی لە پرۆسەی دەنگدان گرت و گوتی "ساختەکاریی گەورە کراوە و لەوانەیە کەسێکی وەکو بایدن توانیبێتی 50 جار دەنگ بدات".
دوای ئەوەی دیموکراتەکان هەردوو ویلایەتی ویسکۆنسن و مشیگنیان لە چنگ کۆمارییەکان دەرهێنا، جۆ بایدن لە دیلوەیر بە روویەکی گەشەوە گوتاری پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوە دا، کە لە سەرکەوتن نزیکن، بەڵام ئەوەشی گوت کە هەژمارکردنی دەنگەکان کۆتایی نەهاتووە، ئەمەش لەکاتێکدا شەوی هەڵبژاردن دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند، بەڵام دوای بەردەوامبوونی جیاکردنەوەی دەنگەکان دوو ویلایەتی دیکەی لەدەستدا.
جۆ بایدن ، بەربژێری دیموکراتەکان دەڵێت "دوای شەوێکی درێژ لە ژماردنی دەنگەکان، روونبووەتەوە کە لە ژمارەیەک ویلایەت سەرکەوتن بەدەستدەهێنین کە بەسن بۆ گەیشتن بە 270 دەنگ بۆ بردنەوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا."
بەرپرسان لە هەرسێ ویلایەتی پێنسلڤانیا، میشگن و جۆرجیا کە لەلایەن تیمی یاسایی ترەمپ رەخنەباران کراون، جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەی دەنگدان کێشەی تێدا نەبووە.
میگان وۆلف، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی ویسکۆنسن دەڵێت "پێموایە ئەمە بێڕێزیکردنە بە بەرپرسی هەڵبژاردنەکانمان، ئەگەر بڵێی ئەم هەڵبژاردنە شتێکی تێدا کراوە، بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنێک بوو، ئەنجامی چەند ساڵەی ئامادەکاریی و وردەکارین بەگوێرەی یاسا."
لەوەتەی دیموکراتەکان پێشکەوتوونەتەوە، ترەمپ لەسەر شاشە دەرنەکەوتووە، بەڵام لە تویتەر قسەی کردووە، دەڵێت لە هەموو شوێنێک دەنگ بۆ بایدن کۆدەکەنەوە.
10:47
ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رانەگەیێندراوە و یەکلایینەبووەتەوە کێ دەبێتە سەرۆک، جۆ بایدن خۆی بۆ وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆکایەتی لە دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ماڵپەڕێکی کردووەتەوە تاوەکو لە رێگەیەوە پلانەکانی بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا بخاتەڕوو.
ماڵپەڕەکە بەناوی buildbackbetter.com ـە و ئێستا کەوتووەتەکار تێیدا نووسراوە "خەڵکی ئەمریکا بڕیاردەدەن کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا".
ناوی ماڵپەڕەکە بە واتای "ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەکی باشتر" دێت ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو پەیامەی کە جۆ بایدن و کامالا هاریس لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەرزیانکردبووەوە کە ترەمپیان بە لاوازکردنی ئەمریکا تۆمەتباردەکرد و بەڵێنی دووبارە ئاوەدانکردنەوەیان بە لایەنگرەکانیان دەدا.
لە ماڵپەڕەکەدا پلانی بایدن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و بەهێزکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە خراوەتەڕوو. هەروەها بەشێکی تەرخانکراوە بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە خراپی خزمەتگوزارییەکان.
10:34
تورکیا: هەر بەربژێرێک بیباتەوە ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەمریکای دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاند و دەڵێت، هەر کام لە بەربژێرەکان بیباتەوە، تورکیا بە رووحی هاوپەیمانییەوە لەگەڵ ئەمریکا درێژە بە پەیوەندییەکانی دەدات.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا رایگەیاند: "پێشبینیکردن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەردەوام کارێكی سەخت بووە، لەبەرئەوەی ئەنجامەکان دەنگە نەتەوەییەکان نا، بەڵکو رێژەی دەنگی ویلایەتەکان یەکلایی دەکاتەوە".
چاوشئۆغڵو دەشڵێت "هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە لەژێر سێبەری پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری و مشتومڕەکان لەبارەی رەگەزپەرستی و لە کەشێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆمەڵگەی ئەمریکا زۆرترین دابەشبوونی بەخۆوە بینیوە". بۆیە پێشبینی بۆ ئەنجامی هەڵبژرادنەکان بە واقیعی نازانێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەش دەڵێت، کە ئەوان بەهیچ شێویەک بژارە یان چاوەڕوانییان بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا نابێت: "بە تەنیا خەڵکی ئەمریکا خاوەنی ئەو بڕیارەن و پێویستە هەمووان رێز لەو بڕیارە بگرن، گەلی ئەمریکا کێ هەڵبژێرێت، وەک تورکیا ئامادەین لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بکەین".
جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هەردوو بەربژێری کۆماری و دیموکراتەکان بەردەوامە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی تاوەکو ئێستا لە ناوەندەکانی هەڵبژاردنەوە ئاژانسە فەرمییەکان بڵاویان کردوونەتەوە، جۆ بایدنی دیموکرات لەپێش ترەمپی کۆمارییەوەیە، هەرچەندە هێشتا دەنگی ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا، نۆرت کارۆلینا، نێڤادا، ئالاسکا، جۆرجیا و ئەریزۆنا ماون بەتەواوی یەکلایی ببنەوە، بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دوایینیان بۆ بایدن یەکلایی بووەتەوە و ئەوەش چانسی بایدنی زیاترکردووە ببێتە 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
10:30
دوایین کاژێرەکانی یەکلاییبوونەوەی 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
لەدوای داخستنی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، خۆپێشاندان و رێپێوان لە چەند ویلایەتێكی ئەمریکا روویاندا.
خۆپێشاندان لە واشنتنی پایتەخت و شیکاگۆ و چەند شارێكی دیکەی ئەمریکا دژ بە ترەمپ ئەنجامدران. هاوکات رێپێوانی ئاشتییانە لە شارەکانی سیاتڵ، گەورە شاری ویلایەتی واشنتن و هەروەها شاری نیویۆرک بەڕێوەچوون و تێیدا داوای بەردەوامبوونی هەژمارکردنی دەنگەکان و پاشان راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان کرد.
شەوی سێشەممە، لەدوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان، نزیکەی هەزار خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانی ناسراو بە ژیانی رەشپێستەکان کۆبوونەوە و درووشمی دژ بە ترەمپیان بەرزکردەوە و بەشێكی دیکەشیان روویانکردە شەقامەکانی دەوروبەری کۆشکی سپی و رێگرییان لە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلەکان کرد.
خۆپێشاندەران دەڵێن ئەم شەقامانە هی ئێمەن و ئەگەر دادوەریمان پێنەدەن، ئەوانیش لە ئاشتیدا ناژین، هەروەها دروشمی "ترەمپ هەمیشە درۆ دەکات"یان بەرزکردەوە.
خۆپێشاندان و رێپێوانی بەشێک لە لایەنگرانی بایدن، بەربژێری دیموکراتی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەدوای ئەوە هات، ترەمپ هێرشیکردە سەر بایدن و پارتی دیموکرات و بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتباری کردن و داوای وەستاندنی هەژمارکردنی دەنگەکان لە ویلایەتەکانی ویسکۆنسن، میشگن و پەنسلڤانیای کرد.
دانیشتووانی شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پێنسلڤانیا خۆپێشاندانیان کرد و داوایانکرد هەموو دەنگێکی هەڵبژاردنەکان هەژمار بکرێن.
تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی دەنگەکانی ویلایەتی یەکلاکەرەوەی پێنسلڤانیا رانەگەیێنراون و ئەوەش وایکردووە نیگەرانی لە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی دروست ببێت.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازییەکی کەم لە ویلایەتەکە لە پێش جۆ بایدنەوەیە.
خۆپێشاندانەکە دوای ئەوە هات کە تیمی ترەمپ رایانگەیاند سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن بۆ ئەوەی "بەهۆی نەبوونی شەفافیەتەوە" ژماردنی دەنگەکانی پێنسلڤانیا بووەستێنرێت.
نزیکەی 200 کەس لە ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران و گرووپەکانی ژینگەپارێزی لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداربوون و رایانگەیاند، کە بۆ پاراستنی دیموکراسی هاتوونەتە سەر شەقام.
لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی دەنگدان لە ئاریزۆنا
لە شارۆچکەی ماریکۆپا لە ویلایەتی ئاریزۆنا لایەنگرانی ترەمپ وەکو دەربڕینی ناڕەزایی لەبەرامبەر پێشکەوتنی بایدن لە ویلایەتەکە هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی دەنگدان، لەبەردەرگە قەرەباڵخیان درووستکرد و داوای هەژمارکردنەوەی دەنگەکان دەکەن.
زۆربەی خۆپێشاندەران درووشمەکەی ترەمپیان لەسەر کڵاو جلەکانیان نوسرابوو کە دەڵێت "ئەمریکا دەبووژێنینەوە"
لەسەر درووشمی هەندێک لە خۆپێشاندەران نوسراوە "ساختەکاری ئەنجامدراوە"، ئەم خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە ترەمپ گومانی لە دەنگی چەند ویلایەتێکی ئەمریکا هەیە، تیمە یاساییەکەی ترەمپ سکاڵای تۆمارکردووە و داوای ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەن.
ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا بایدن لە هەردوو ویلایەتی ویسکۆنسن و مشیگن کە لەداوەبوو، سەرکەوتنی بەسەر ترەمپ بەدەستهێنا و هەنگاوێکی گەورەی بڕی بە ئاراستەی کۆشکی سپی، روودی جولیانی، دادوەر لە تیمی یاسایی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ساختەکاری زۆر ئەنجامدراوە.
زیاتر بخوێنەوە