تووتییەک ژیانی خاوەنەکەی لە مردن رزگاردەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
رەنگە دەنگە دەنگ و هاواری تووتییەک لە درەنگانی شەودا و لەکاتێک لە شیرینی خەودا بیت بێزارکەر بێت، بەڵام تووتییەک لە ئوسترالیا بە دەنگە دەنگەکەی ژیانی خاوەنەکەی رزگارکرد.
 
ئەنتۆن نگوین خاوەنی تووتییەکەیە و بەتەنیا دەژیت، شەوێک کاتێک خەوتبوو ئاگر لە ماڵەکەی بەردەبێت و تووتییەکەی دەست بە دەنگە دەنگ دەکات و لە خەو هەڵیدەستێنێت. ئەنتۆن لەبارەی ئەو شەوەوە دەڵێت، "من وەکو هەموو شەوێکی دیکە خەوتبووم، بەڵام لەناکاو دەنگە دەنگ و هاواری تووتییەکەم لە خەو هەڵیساندم".
 
کاتێک ئەنتۆن لە خەو هەڵدەستێت هەست بە بۆنی دووکەڵ دەکات، و دەستبەجێ ماڵەکە بەجێدەهێڵێت، ئەنتۆن دەڵێت، "زۆر سەیرە بەلامەوە کە لەو رووداوە رزگارم بوو و کاتێک هەستم بە دووکەڵ کرد یەکسەر ماڵەکەم بەجێهێشت، بەڵام تووتییەکەی هاوڕێمم بیر نەچوو و ئەویشم لەگەڵ خۆم برد".
 
هەرچەندە نیگوین ئامێری ئاگادارکردنەوەی ئاگری لە ماڵەکەی داناوە، بەڵام تووتییەکەی پێش ئامێرەکە لە خەو هەڵێدەستێنێت، و دەڵێت، "نازانم ئەگەر ئەو تووتییەم نەبووایە چیم بەسەردەهات".
 
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی کوینزلاند لەبارەی ئاگرەکەوە دەڵێن، کاتێک ئەوان گەیشتوون ماڵەکە بەتەواوی ئاگری گرتبوو و زیاتر لە کاژێرێکی خایاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.