ماڵباتێکی کورد لە نەمسا باسی پێکەوە هێشتنەوەی خێزان دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
کاوە ئەحمەد گەرگەری لەگەڵ ژن و منداڵەکانی سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەن
کاوە ئەحمەد گەرگەری لەگەڵ ژن و منداڵەکانی سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیمی دیاسپۆرا هەفتەی رابردوو بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکان لە نەمسا بوو، لەوێ کۆمەڵێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان تۆمارکرد، یەکێک لەو چیرۆکانە، چیرۆکی ماڵباتێکی سەرکەوتووی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە کە لەوێ نموونەی خۆگونجاندنن، ئەویش ماڵباتی کاوە ئەحمەدە، یەکێک لە کوڕەکانی تەنانەت لە ریزەکانی سوپای نەمسادایە.
 
دایک و باوکی خێزانەکە بەیەکەوە هاوئاهەنگی باشیان دروست کردووە بۆ منداڵەکانیان و نەیانهێشتووە منداڵەکانیان زمانی کوردییان بیربچێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە لە نەمسا لەدایکبوون؛ هاوکات لە کۆمەڵگای نەمساشدا کاریگەرن.
 
کاوە ئەحمەد گەرگەری، دانیشتووی نەمسا دەڵێت، "کاوە ئەحمەد گەرگەریم، خەڵکی کوردستانم، لە ساڵی 1991ـەوە هاتوومەتە وڵاتی نەمسا و ئەو کات دەمانتوانی هەم بخوێنین و هەمیش کار بکەین و خۆمان پێشبخەین، ئیدی رێگەی کارم گرتەبەر و لە کۆمپانیایەک دەستم بە کارکردن کرد، واتە لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا، واتە 32 ساڵە لەو کۆمپانیایە کار دەکەم و بەردەوامم."
 
گەرگەری ئاماژەی بەوە کرد، "بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2015وە ژمارەی کورد هێواش هێواش لە نەمسا زیاد بوون و ئێمەش بە شێوەی دامەزراوەیی لێیان نزیکبووینەوە، بەهۆی ئەوەی من لە ئینستیتیوتی کوردی کار دەکەم وەکو بەڕێوەبەر، لە ڤیەننا زیاتر لە 120 خانەوادەی کورد هەن و ئێستا ژمارەکە زۆر زیاتر بووە؛ ئەگەر ئێمە وەفاداربین دەتوانین هاوکاریی یەکدی بکەین و گرنگی بە کولتوور و هونەری کوردی بدەین."
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، "بەڕاستی من دەبینم ماڵبات لە نەمسا وەکو کوردستانێکی بچووک وایە، ئێمە لە ماوەی ئەو 34 ساڵەدا توانیمان چەندین رێکخراو و کۆمەڵە و ئینستیتیوتی کوردی لێرە دروست بکەین، بۆیە هەمیشە پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە، گرنگی زۆر بە خێزانەکانیان بدەن و دەست بە کولتوور و نەریتی خۆمانەوە بگرن و گرنگیی زیاتر بە ئەندامەکانی خێزان بدرێت لە هەموویشی زیاتر خانمی ماڵ، چونکە ئەو بنچینەی ماڵەکەیە."
 
کاوە ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەریانی کوڕم ئێستا لە زانکۆ دەخوێنێت لە بەشی یاسا و ئەم ساڵ دوا قۆناخیەتی، زۆر پێی دڵخۆشم و ئەو گەنجێکی لێهاتووە و چالاکڤانێکی زیرەکە، ئەندامێکی کاریگەرە لە ئینستیتیوتی کوردی لێرە، کوڕەکەی دیکەشم ناوی ئاراسە و بەشی ئایتیی تەواو کردووە و بەداخەوە لێرە نییە، چونکە ئەو ئێستا لە ریزەکانی سوپای نەمسا خزمەت دەکات و بۆ من جێگەی سەربڵندییە، بۆیە هەمیشە پەیامم بۆ گەنجانی کورد لێرە ئەوەیە گرنگی زۆر بە خوێندن بدەن، چونکە تەنیا ئەمە رێگەی داهاتووی گەشی ئەوانە لێرە، هەروەها بۆ وڵاتەکەشیان."
 
ئەریان کاوە، دانیشتووی نەمسا دەڵێت، "تەمەنم 22 ساڵە و لە نەمسا لەدایکبووم، ئێستا لە بەشی یاسا لە زانکۆ دەخوێنم و رێگەی گەیشتنم بۆ ئەم قۆناخە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام پشتیوانیی دایک و باوکم بە بەردەوامی، منیان گەیاندە ئەم قۆناخە و هەمیشە سوپاسگوزاریانم."
 
هاوژینەکەی کاوە گوتی، "لای من خاڵی گرنگ لە خانەوادەکەم منداڵەکانمن، هەرچەندە کاری خۆم خۆش دەوێت، بەڵام منداڵەکانم بۆ من گرنگترن، هەوڵم داوە منداڵەکانم لەسەر رێگەی باش پەروەردە بکەم، بەهۆی ئەوەی ئەم وڵاتە وەکو وڵاتی خۆمان نییە و جیاوازە و کراوەترە، بۆیە زۆر لەگەڵیان ماندوو بووم، ئەگەر لە ماڵێکدا ژن و پیاو کۆک بن، ئەوا کاریگەریی ئەرێنیی بەسەر منداڵەکانیانەوە دەبێت. راستە ئێستا ژیان لە وڵاتی خۆمان قورس بووە، دەبینین ئێستا چەندین خانەوادەی کورد دێنە ئێرە و زۆرجار کێشە لەنێوانیان دروست دەبێت و بەشێکی زۆریان لێکجیادەبنەوە، بۆیە ئامۆژگارییان دەکەم، لەکاتی بوونی کێشە لەنێوان ژن و مێرد لێرە، پێویستە هەردووکیان دەستی یەکدی بگرن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، هەروەها زۆر گرنگە پیاو گرنگیی زیاتر بە خێزان و منداڵەکانیان بدەن و کاتیان بۆ تەرخان بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە