لە نەمسا منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نەمسا راستئاژۆکان بردیانەوە؛ هێشتا دیارنییە ئاییندەی حوکمڕانی لە نەمسا چۆن دەبێت، بەڵام ئەوە روونە کە بۆ ئەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە، مەرج نییە باشتر بێت لە جاران. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی جوان و بەهێز هەن بۆ خۆگونجاندن و بەشداریی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نەمساییدا.
 
لەنێو دیاسپۆرای کوردیدا لەو وڵاتەدا هەوڵی پێچەوانەش هەن، ئەویش بۆ هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی کوردی و لەبیرنەکردنی ناسنامەی کوردی.
 
ژاڵە شێروانی، بەڕێوەبەری خوێندنگەی کوردی لە ڤیەننا دەڵێت، "ساڵی 2004 - 2005 ئەم قوتابخانەیە کراوەتەوە، خۆشم تێیدا مامۆستا بووم لەگەڵ چەندین مامۆستای لێهاتووی دیکە، پێشتر بەڕێوەبەرەکەمان مامۆستا پەخشان بوو، بەردەوام بووین لە دەوامی قوتابخانە تاوەکو کاتی کۆرۆنا هات، ئیدی بەبۆنەی کۆرۆناوە منداڵەکان دەهاتن و نەدەهاتن بۆ قوتابخانە و ژمارەی منداڵەکان کەمبوونەوە، ئێستا ژمارەی قوتابییەکانمان لە سەرووی 80 قوتابییە، دوو پۆلی سۆرانیمان هەیە لەگەڵ دوو پۆلی کورمانجی، خۆم سەرپەرشتیی مامۆستایان دەکەم و سێ مامۆستای لێهاتووشمان هەن و بە هەموومان سەرپەرشتیی قوتابخانەکە دەکەین."
 
مەزلووم شێخی، مامۆستای زمانی کوردی لە ڤیەننا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لە چاوەڕوانی کتێبداین بۆ ئەوەی بگەن بە دەستمان، ئەم پەرتووکانەی ئێمە بۆ فێربوون لێرە بەکاریان دەهێنین هەمان ئەو پەرتووکانەن لە خوێندگەکانی دیکەش بەکاردێن، هەروەها لە خوێندگەکانی هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێندرێن، ئێمە گرنگی زۆر بە ناسنامەی کوردی دەدەین، هەروەها گرنگی بەوە دەدەین کە ئەو منداڵەی دێتە قوتابخانەکەمان بەباشی بناسین، ناوی چییە؟ تەمەنی چەندە؟  لەکام شارەوە هاتووە؟، ئیتر جگە لە وانەکان فێری گۆرانی رەسەنی کوردییان دەکەین."
 
چاوان جێگر لە کوردستان لەدایکبووە و ئێستا لە نەمسا دەژی، تەمەنی هەشت ساڵە و دەڵێت، "دوو ساڵە لە قوتابخانە دەخوێنم و حەز دەکەم بخوێنم و فێرببم."
 
نەیرۆی تەمەن 12 ساڵیش دەڵێت، "هاتوومەتە ئەم قوتابخانەیە بۆئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی ببم، هەروەها فێری وێنەکێشانیش ببم."
 
وەنەوشە خدر، مامۆستای زمانی کوردی لە ڤیەننا باسی لەوە کرد، "بە خۆبەخش هاتووین و وانەی زمانی کوردی دەڵێینەوە، کتێبەکانمان هەمووی لە کوردستانەوە بۆ دێت، ئامرازەکانی خوێندیش خۆمان لێرە دروستی دەکەین، بۆ نموونە کارت و پیتەکان و وێنەکان خۆمان دروستیان دەکەین و زۆربەی شتەکان بەخۆمان بەکاری دەهێنین، لەسەر کۆمپیوتەر وشەو پیتەکان دەنووسین، چونکە کتێبەکە بەتەنیا کەمە و قورسیشیە بۆ قوتابییەکان، وەک دەزانین ئەو قوتابیانە هەموویان بە زمانی ئەڵمانی پەروەرە کراون و فێرکراون، کاتێک بە زمانی کوردی دەخوێنن کەمێک قورسە بۆیان، بۆیە ئێمە بۆیان ئاسان دەکەین."
 
بارزی تەمەن 9 ساڵ دەڵێت، دایک و باوکی خەڵکی دهۆکن و ماوەی ساڵێکە لە نەمسا لە قوتابخانەی کوردی دەخوێنێت. کەناریش قوتابییەکی دیکەی کوردە و داوا دەکات هەموو منداڵانی کورد بچنە قوتابخانەکەی ئەو و فێری زمانی کوردی ببن.
 
لانە تەمەنی 12 ساڵە و دەڵێت، "لە نەمسا لەدایکبووم و حەز دەکەم ئەو منداڵە کوردانەی لە نەمسا لەدایکبوون و لێرە دەژین، بێنە ئەم قوتابخانەیە و زمانی کوردی بخوێنن." لۆرین-یش دەڵێت، "باوکم خەڵکی مەریوانە و دایکیشم سلۆڤاکییە، واتە کوردی، ئاڵمانی و سلۆڤاکیم."
 
مەزلووم شێخی باسی لەوە کرد، "لە خوێندنی کورمانجی زیاتر لە 25 قوتابیمان هەن و ژمارەکە باشە، چەندین خانەوادە پەیوەندیم پێوەدەکەن کە دەیانەوێت منداڵەکانیان بهێننە ئەم قوتابخانەیە و فێری زمانی کوردی ببن، ئەمە دووەم رۆژە لەم ساڵەدا دەستمان بە خوێندن کردووە، هەفتەی داهاتوو قوتابییەکان بەپێی تەمەنەکانیان لەیەکتر جیادەکەیەنەوە و مامۆستای زیاتریش دەهێنین."
 
ژاڵە شێروانی، بەڕێوەبەری خوێندنگەی کوردی لە ڤیەننا گوتی، "هەموو رۆژانی شەممە بەردەوامین لە قوتابخانەی کوردی لە کاژێر 10:00ی بەیانی بۆ کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ."