نیوزلاند بۆ جاری دووەم کۆرۆنای کۆنتڕۆڵکرد

05-10-2020
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن نیوزلاند کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
نیوزلاند بۆ جاری دووەم کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنای راگەیاند و رێکار و رێوشوێنەکانی لە ئۆكڵاند هەڵگرتن کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا گیرابوونەبەر .
 
جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند رایگەیاند: "ئەو رێکارانەی لە مانگی ئابەوە لە ئۆکڵاند گیرابوونە بەر هەڵدەگیرێن، پێشتر لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە نێوان مانگەکانی ئادار بۆ ئایار، وڵاتەکە کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتبوونەبەر،بەهۆیەوە توانی تارادەیەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام ئۆکڵاند لە مانگی ئابدا جارێکی دیکە رووبەڕووی شەپۆلێکی کۆرۆنا بووەوە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەبێت، بۆ سێ هەفتەش قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول راگەیێنرابوو".
 
12 رۆژە لە ئۆکڵاند هیچ تووشبوویەکی نوێی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، جاسیندا ئاردێرن سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "ڤایرۆسەکە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، خەڵکی ئۆکڵاند و نیوزلاند پابەندی ئەو پلانانە بوون کە دووجارە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا دادەنرێن، جارێکی دیکە توانرا بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەرکەوین."
 
سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند دەشڵێت: "لە چوارشەممەشەوە ئاستی هۆشداری لە ئۆکڵاند بۆ ئاستی یەکەم دادەبەزێنین، ئەوەش مانای وایە ئیدی هیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی خەڵك قەدەخە نییە.
 
بەڵام وەکو ئاردێرن دەڵێت "نابێت لەو خاڵە بوەستین کە دەستکەوتمان تێیدا بەدەستهێناوە" نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لەوەی خەڵک بە کەمی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا و دیاریکردنی شوێنەکانیان بەکاردێنن، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی پشکنینەکان.
 
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی وۆڵد ئۆمیتەر, تائێستا هەزار و 855 کەس لە نیوزلاند تووشی کۆرۆنا بوون، 1,790 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 25 تووشبووش گیانیان لە دەستداوە، ئێستا تەنیا 40 کەس ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە،
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە