رووداو دیجیتاڵ
راسپێردراوی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ رێککەوتن لەبارەی کۆچبەران رایگەیاند، رووسیا و بێڵارووس بابەتی کۆچبەران وەکو بەشێک لە "جەنگی سارد" لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بەکاردەهێنن و پلانیان هەیە بیاننێرن. دەشڵێت، بەشێکی پلانەکەیان ناردنی کۆچبەرانی عێراقی، سووریایی و ئەفغانی بووە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
رۆژی پێنجشەممە، 5ی ئەیلوولی 2024، یواخیم شتامپ، راسپێردراوی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ رێککەوتن لەبارەی کۆچبەران گوتی، رووسیا و بێلاڕووس "بە مەبەست کۆچبەران دەنێرن بۆ سنوورەکانی رۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەورووپا." دەشڵێت، بەشێکی پلانەکە ناردنی کۆچبەرانی عێراقی، سووریایی و ئەفغانی بووە.
ئەو بەرپرسە ئەڵمانیە ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت حکومەتی ئەڵمانیا "ئەو بنەمایانەی بەریتانیا" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران بەکاربهێنێت.
حکومەتی پێشووی بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا هەبوو و رێککەوتنیشی لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتەدا کردبوو، بەڵام کاتێک هەڵبژاردنی حوزەیرانی ئەمساڵی وڵاتەکە کرا و حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستبەکاربوو، پلانەکە هەڵوەشایەوە.
بە گوێرەی گوتەکانی راسپێردراوی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ رێککەوتن لەبارەی کۆچبەران، بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، پێویستە وڵاتەکەی ژمارەیەک یاسای تایبەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران هەموار بکاتەوە. بە گوێرەی یاسای ئێستا، کۆچبەران دەکرێت دیپۆرتی وڵاتێک بکرێن کە کەسوکاریان لەوێ هەبێت.
دوای هێرشەکەی شەوی 23ـی ئابی ئەم ساڵ لە شاری زۆلینگنی ئەڵمانیا کە عیسا حەسەن، کۆچبەری خەڵکی دێرەزۆری سووریایە بە چەقۆ سێ کەسی کوشت و هەشتی دیکەی بریندارکرد، چاوی رای گشتیی ئەڵمانیا لە سەر رووداوەکانە و دەنگی ناڕەزایەتی دژی کۆچبەر و پەناخوازان بەرزتر بووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا 10 هەزار کەس دیپۆرکراونەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، پار حەوت هەزار و 861 کۆچبەر دیپۆرتکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ