پووتین: پاڵپشتی لە هاریس دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دا پاڵپشتی لە بەربژێری دیموکراتەکان دەکەن و کامالا هاریس بە باشتر بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی واشنتن لەسەر وڵاتەکەیان دەبینن.
رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات کە لە شاری ڤلادیڤۆستۆکی وڵاتەکەی بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: "ئەگەر بتوانم ئەوە بڵێم، سەرۆک بایدن (جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا) خواستی ئێمە بوو بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئێستا ئەو لە پێشبڕکێی پۆستی سەرۆکایەتی لابراوە و داوای لە لایەنگرانی کرد پاڵپشتی خاتوو هاریس (کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا) بکەن. ئەمەش پلانی ئێمەیە و پاڵپشتی دەکەین."
کامالا هاریس لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا رکابەری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەکات کە بڕیارە رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
پووتین هۆکاری پاڵپشتیکردنی هاریس رووندەکاتەوە و دەڵێت: "ترەمپ ژمارەیەک سزای زۆری بەسەر رووسیادا سەپاند، ئەمە بە جۆرێک بوو کە هیچ سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا نەیکردبوو. ئەگەر خاتوو هاریس سەرکەوتووبێت، لەوانەیە ئەو جۆرە کارانە بوەستێنێت."
ساڵانی 2016 بۆ 2020 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو. لەو ماوەیەدا ترەمپ ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە کە بە نزیک لە پووتین دادەندرێن سەپاند.
بەگوێرەی دوایین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هاریس 48٪ی دەنگەکان و ترەمپ 45٪ی دەنگەکان دەبەنەوە.