بەلەمێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقووم بوو و 21 کۆچبەر بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا، حەوت کوچبەری سووریاییان لە خنکان رزگار کرد، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لەنزیک کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت. 21 کۆچبەری دیکەی بەلەمەکەش تائێستا بێسەروشوێنن.
 
شەوی چوارشەممە (4ـی ئەیلوولی 2024) پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا، رایگەیاند، حەوت کۆچبەریان لەنزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپادووسیا لە باشووری ئیتاڵیا رزگار کردووە کە سەرجەمیان سووریایی بوون، تیمەکانیان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای 21 کۆچبەری دیکەدا.
 
هێزی دەریایی ئیتاڵیا راگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا بوون و نزیکەی 15 کیلۆمەترێکیان مابوو بگەنە کەناراوەکانی ئەو دوورگە ئیتاڵییە، کاتێک بەلەمەکەیان تێکشکاوە و ژێرئاو کەوتووە. 
 
هەروەها هێزی دەریایی ئیتاڵیا، ڤیدیۆی رزگارکردنی حەوت کۆچبەرە سووریاییەکەی بڵاوکردووەتەوە و کاتێک کۆچبەرەکان بە سەلامەتی دەگەنە دوورگەی لامپادووسیا، بە ئیتاڵییەکان رادەگەیێنن، بەلەمەکەیان لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا چووە و 28 کۆچبەری تێدا بووە کە سیانیان منداڵ بوون. کۆچبەرەکان گوتوویانە بەلەمەکەیان بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و بەهێزیی شەپۆلی دەریاکە تێکشکاوە و، ژێرئاو کەوتووە و سەرجەم کۆچبەرەکانیش کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە. 
 
رێگەی دەریای سپی نێوەڕاست بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و مەترسیدارترین رێگەی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەورووپا دادەنرێت و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، نزیکەی 115 هەزار کۆچبەر روویان لە ئەورووپا کردووە کە زیاتر لە 107 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوون. ئەمە بێجگە لەوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە 212 هەزار کۆچبەر بەو رێگەیەدا چوونەتە ئەورووپا و زۆربەشیان یەکەم وێستگەیان ئیتاڵیایە. 
 
بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پار لەو رێگەیەدا، سێ هەزار و 105 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.