بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە حکومەتی فەرەنسا زیاتر لە 40 هەزار قوتابخانە نۆژەندەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پلانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەوە، سەرۆکی فەرەنسا پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 40 هەزار قوتابخانە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا راگەیاند. 

رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ساڵی 2024 وڵاتەکەی بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ لە سندووقی هاوکاریی وزەی خاوێن بە ئامانجی نوێکردنەوەی سەرچاوەی وزەی ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی وڵاتەکەی تەرخان دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکدایە کە لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا حکومەتی وڵاتەکە پلانی نۆژەنکردنەوەی سەرچاوەی وزە و بەکارهێنانی لە زیاتر لە 40 هەزار قوتابخانەی وڵاتەکە هەیە. 
 
پڕۆژەکەی حکومەتی فەرەنسا لە چوارچێوەی پلانێکی حکومەتی وڵاتەکەدایە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە بە رێژەی 40٪ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030. 
 
ساڵی رابردوو بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دارایی پڕۆژەی ژینگەیی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، حکومەتی فەرەنسا سندووقی هاوکاریی وزەی خاوێنی بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆ دامەزراند. 
 
زیاتر لە 50 هەزار قوتابخانە لە فەرەنسا هەن، 61٪ـی ئەو وزەیەی بەکاریدەهێنن بۆ گەرمکردن و ساردکردنەوەی قوتابخانەکان بەکاردەهێندرێت و 19٪یش بۆ رووناککردنەوەیان.