یەکێتیی ئەوروپا: واز ناهێنێن تاوەکو دیپلۆماتە سوێدییەکە لە ئێران ئازاد دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، دیپلۆماتێکی یەکێتییەکە لە ئێران دەستگیرکراوە و کار بۆ ئازادکردنی دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 05ـی ئەیلوولی 2023، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیسپانیا رایگەیاند، "هاووڵاتییەکی سوێدی کە کاری بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەکرد، بە نایاسایی لە ئێران دەستگیرکراوە و زیاتر لە 500 رۆژە لە زیندانە".
رۆژی دووشەممە 04ـی ئەیلوول، وەزارەتی دەرەوەی سوێد بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی سوێدی لە نیسانی 2022ـەوە لە ئێران دەستگیرکراوە.
دەسەڵاتدارانی سوێدی ناسنامەی هاووڵاتییەکەیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام دواتر میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەو کەسە ناوی یۆهان فلۆدێرسە و دیپلۆماتی یەکێتیی ئەوروپا بووە و لە نیسانی ساڵی رابردوودا لە فڕۆکەخانەی تاران لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوە.
لەبارەی چارەنووسی ئەو دیپلۆماتە سوێدییە، بۆرێل گوتی، "بەرپرسانی ئەوروپا چەندینجار ئەو پرسەیان لەگەڵ ئێران باسکردووە و بەردەوام لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانماندا بووە و کۆڵیش نادەین تاوەکو فلۆدێرس ئازاد دەکرێت".
فلۆدێرسی تەمەن 33 ساڵ، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ژیاوە و سێ مانگ دوای دەستگیرکردنی، ئێران رایگەیاند، هاووڵاتییەکی سوێدی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، بێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.
فلۆدێرس لە دیسکی کاروباری ئەفغانستان لە بەشی خزمەتگوزاریی دیپلۆماسی یەکێتیی ئەوروپا کاری دەکرد. هەر رۆژی سێشەممە 05ـی ئەیلوول، ماڵباتی فلۆدێرس لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، زۆر خەمی دۆخی دەستگیرکراوەکەن.
فلۆدێرس پێش دەستگیرکردنی جارێک بە فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی ئێرانی کردبوو، بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی هەبێت، بەڵام ئەوجارە دەستگیرکرا کە بە مەبەستی گەشتکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی سەردانی ئێرانی کردبوو. میدیای ئەمریکا دەڵێت، یۆهان فلۆدێرسە لە گرتووخانەی ئەڤین لە تاران دەستبەسەرە.