رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هیندستان لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە کە پارتی دەسەڵاتدار دەیباتە پەرلەمان، پلانی هەیە ناوی وڵاتەکە لە هیندستانەوە بگۆڕێت بۆ بەهارات، ئەوەش بە ئامانجی نەهێشتنی "نیشانە و پاشماوەی داگیرکار"ـی وڵاتەکە لەلایەن بەریتانیاوە، وەک بەرپرسانی حکومەتی هیندستان باسی دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، میدیای هیندستان بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکە وشەی "بەهارات" لە جیاتی "هیندستان" لە کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی گرووپی 20 دەنووسێت. هاوکات، لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەماندا کە بڕیارە لە رۆژانی 18-22ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچن، پارتی بەهاراتیا جاناتای دەسەڵاتدار پڕۆژەکە دەباتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
رۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی 20 لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان بەڕێوەدەچێت. جایرام رامیش، سەرۆکی پارتی کۆنگرێسی نەتەوەیی هیندستان کە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە رایگەیاند، "ئۆفیسی سەرۆکی حکومەت بانگهێشتنامەی بۆ سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی 20 بە ناوی سەرۆکی بەهارات ناردووە لەبری ناوی سەرۆکی هیندستان".
هیندستان ناوەکەی لە رووباری هیندوسەوە هاتووە؛ وشەکە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا لە زمانی ئینگلیزیی کۆندا هاتووە و لە سەدەی 17 یەمیشدا دەرکەوتووەتەوە. بەهارات بە زمانی سانسکریت کە زمانێکی کۆنی هیندستانە بە مانای "گواستنەوە و پشتگیریکردن" دێت.
گۆڕینی ناوی شوێن و شەقامی هیندستان
هەوڵی گۆڕینی ناوی وڵاتەکە یەکەمین گۆڕینی ناو نییە لە وڵاتەکەدا و پێشتریش حکومەتی هیندستان بە پشتگیریی پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکە ناوی چەندین ناوچە، شەقام و شوێنی گۆڕیوە، ئەوەش بە ئامانجی نەهێشتنی نیشانە و پاشماوەی داگیرکاری لە وڵاتەکەدا، وەک بەرپرسانی پارتی بەهاراتیا جاناتای دەسەڵاتدار دەڵێن.
دوایینیان ساڵی رابردوو بوو، کاتێک حکومەتی هیندستان ناوی "راجپاس"، کە ناوچەیەکی نێوەڕاستی نیودەلهی پایتەختی وڵاتەکەیە و بۆ رێوڕەسمە سەربازییەکان سوودی لێ وەردەگیرێ، بۆ "کارتاڤیا پاس" گۆڕی.
حکومەتی هیندستان رایدەگەیێنێت هەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی مێژووی وڵاتەکە دەبێت.
هیندستان حەوتەم گەورەترین وڵاتی جیهانە بە رووبەری 3.287 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا و لە هەشت هەرێم و 28 ویلایەت پێکهاتووە. ژمارەی دانیشتووانی هیندستان زیاترە لە یەک ملیار و 431 ملیۆن کەس؛ دوای ئەویش چین بە یەک ملیار و 425 ملیۆن کەس دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ